چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە یەکەم کاردانەوەی رووداوەکانی ئەمڕۆی ناوچەی سەوزی بەغدا رایگەیاند، شانبەشانی دامەزراوە حکومییەکانی عێراق دەوەستنەوە و داواش لە سەدر دەکەن، “دووبارە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ بە مەبەستی گەیشتن بە تێگەشتنی هاوبەش.”
چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، شانبەشانی دامەزراوە حکومیەکانی عێڕاق دەوەستنەوە و ناکرێت پشتگوێی بخرێن لە کاتێکدا رووبەڕووی هێرش دەبێتەوە و دەشڵێت، “داوا لە سەرجەم لایەنە ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دەکەن لە پێناو راگرتنی خراپەکاری هەوڵی چارەسەری ئەم کێشەیە بدەن.
چوارچێوەی هەماهەنگی باسی لەوەکردووە، بەهۆی پەرەسەندنی گرژیەکان و خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی سەدر و چوونەناوەوەیان بۆ ناو باڵەخانەی پەرلەمان و دامەزراوە حکومییەکان لە ناویاندا کۆشکی سەلام و باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران لە ئێستادا خەڵکی عێراق بەگشتی نیگەرانن.
دەشڵێت، “چوارچێوەی هەماهەنگی شان بەشانی دامەزراوە حکومیەکان دەوەستنەوە و لەسەر لایەنە ئەمنییەکان ئەرکە پارێزگاری لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەژەوەندی گشتی و تایبەت بکەن.”
ئەوەشی خستووەتەڕوو، داوا لە سەرجەم لایەنە ئاینی و سیاسیەکان و کۆمەڵایەتیەکان دەکەن بەشدار بن لە گفتوگۆ و مشتومڕ لە پێناو دورخستنەوەی خراپەکاری لە عێراق دوورکەوتنەوە لە رژانی خوێنی خەڵکی بێتاوان
دەشڵێت، “دۆزینەوەی چارەسەرەکان لە رێگەی کردەوەی پاک و پوختی دامەزراوەکانی دەستوور و یاساکانی عێراق دەدۆزرێتەوە و هەر لەم رێگەیەشەوە دەگەینە ئەنجامی وەستاندنی کێشەکانی خەڵک.”
چوارچێوەی هەماهەنگی باسی لەوەشکردووە، داوا لە رەوتی سەدر دەکەن بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ لە پێناو گەیشتن بە تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسیەکان بۆ کێشانی نەخشەی روونی چارەسەری دۆخە گرژەکانی عێڕاق بەپێی دامەزراوە دەستووریەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیرەکەی سەدر پاش کشانەوەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە سیاسەت هەژمارەکانی لە تۆڕەکانی تویتەر و تێلەگرام و فەیسبووک داخست و وەک کۆتا تویتی خۆی لە تویتەر وێنەی موقتەدا سەدر و محەمەد تیجانی کەسایەتی دیاری ئیسلامی لە تونس داناوە.
دوا بەدوای ئەوانەش، لایەنگرانی سەدر بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان بەرەو ناوچەی سەوز و کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بەرێکەوتن و لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان گرژی دروست بوو کازی فرمێسکرێژ بەکارهێندرا و دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا.
دواتریش، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێڕاق قەدەغەی هاتووچۆی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق راگەیاند، و ئاماژەی بەوەشکرد ئەم بڕیارە لە کاتژمێر حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت تا ئەو کاتەی بڕیارێکی نوێ دەدرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان رایگەیاند، داوا لە خۆپیشاندەران دەکات بە زووترین کات لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە و بارودۆخی وڵات تێکنەدەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا قەدەغەی هاتوچۆی توند لە بەغدای پایتەخت راگەیەندراوە.
هاوکات، هەردوو دەروازی شاری بەغدا داخراون و تەواوی دەروازەکانی ناوچەی سەوزیش بە هەمان شێوە داخراون و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دۆخی ئامادەباشی تەواودان.
بێستون لەتیف