شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، چوار مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەخت کراون کە بارەگای زۆربەی دامەزاوەکانی دەوڵەت و نێردە دیبلۆماسییەکانی تێدایە.
30ی ئابی 2022، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە گوتی، چوار موشەک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەخت کراون و لە شوێنێکی نیشتەجێبوون کەوتوونەتەخوارەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەبارەی زیانی مووشەکەکانەوە باسی لەوە کردووە، ئەو چوار مووشەکە لە هەردوو ناوچەی حەبیبییە و بەلەدیاتی رۆژهەڵاتی بەغداوە ئاراستەی ناوچەی سەوز کراون و بەهۆیانەوە زیانی ماددی بە چەند خانوو و باڵەخانەیەکی شوێنی نیشتەجێبوون کەوتووە.
ئاراستەکردنی ئەو مووشەکانە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنی لە بەغدای پایتەخت بەهۆی پێکدادانی نێوان گرووپی چەکداریی سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی سەدر و گرووپە چەکدارەکانی دیکە.
رۆژی دووشەممە، 29-8-2022 موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، واز لە کاری سیاسی دەهێنێت، دوای ئەوەش لایەنگرانی بەلێشاو چوونە سەر شەقامەکان و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و “لابردنی گەندەڵکارانیان” دەکرد.
لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە خۆپێشاندەران چوونە سەر بەشێک لە کۆشکەکانی ناوچەی سەوز، پاشان لە کۆشکی حکومەت هێزێکی ئەمنی بە چەک و گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەی بە خۆپێشاندەران کرد و رووبەڕووبوونەوە روویدا کە بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا لانی کەم 15 خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 300 خۆپێشاندەریش برینداربوون.