سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کەرکووک ئاڵوگۆڕ بە هێز دەکات و هێزەکەی کەرکووک دەگۆڕێت.
میدیای فەرمیی عێراق لە سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا فەوجی سێی تایبەت لە قەزای بێجی بگوازێتەوە بۆ پارێزگای کەرکووک.
کازمی بڕیاریداوە فەوجی سێی لیوای 61 لە پارێزگای کەرکووکەوە بۆ ناوچەی سەوزی شاری بەغدا بگوازێتەوە.
هەفتەی رابردوو لە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا رووبەڕووبوونەوە لەنێوان لایەنگرانی سەدر و سەرایا سەلام لە لایەک و گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی لە لایەکی دیکە روویدا، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 30 کەس کوژران.
لیوای 61 هێزێکی تایبەتە کە دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و، کشانەوەی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لە کەرکووک، بوونە جێگرەوەی دژە تیرۆر. لیوای 61 سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، بارەگای سەرەکییان لەنێو کەرکووکە و هەر چوار دەروازە سەرەکییەکەی کەرکووک بە دەست هێزەکەوەیە.