ئایفۆنە نوێیەكە جیاوازی لەگەڵ نەوەكانی پێش خۆیدا چییە؟

تیم کووک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ ئایفۆن، بیستۆکی ئەیرپۆد و کاتژمێری ئەپڵ وۆچی نوێی راگەیاند.

لە نوێترین تایبەتمەندییەکانی ئایفۆن 14 بریتین لە لابردنی سیمکارت و بەکارهێنانی e-SIM لەو مۆدێلەی کە تایبەت بۆ ئەمریکا دروستکراوە، کە دەتوانرێت ژمارەیەک e-SIM لەسەر یەک ئایفۆن جێگیربکرێن. ئەو تایبەتمەندییە هەروەها رێگە نادات سیمکارتەکە لاببرێت ئەگەر ئایفۆنەکە ونبێت یان بدزرێت.

کۆمپانیای ئەپڵ دەڵێت، هەموو مۆدێلەکانی ئایفۆن 14 کە بۆ ئەمریکا دروستکراون، شوێنی سیمکارتی تێدا لابراوە.

پەیوەندیی سەتەلایت

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە ناوازە و نوێیەکانی ئایفۆن 14 زیادکردنی خزمەتگوزاریی پەیوەندیی سەتەلایتە بۆ دۆخی فریاگوزاری بۆ کاتی نەمانی ئاماژە (سیگناڵ)، بەمەش کۆمپانیای ئەپڵ لە دوای واوەی چینی بووە دووەم کۆمپانیا کە ئەو تایبەتمەندییە بۆ ئامێرەکانی زیادبکات.

خزمەتگوزاریی پەیوەندیی سەتەلایت رێگە بە بەکارهێنەر دەدات لە بیابان، لەنێو دەریا و لەسەر شاخە دوورەدەستەکان یان هەر شوێنێک کە تاوەری پەیوەندیی لێ نەبێت، بتوانێت لە رێگەی مانگی دەستکردەوە کورتەنامەی فریاگوزاری بنێرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە شوێنەکەی دەدۆزنەوە.

قەبارەی شاشە

قەبارەی شاشەی iPhone 14 یەکسانە بە 6.1 ئینچ و iPhone 14 Plus قەبارەکەی گەورەترە و یەکسانە بە 6.7 ئینچ.
“قەڵخانێکی سرامیک”ی شاشەکە لە شکان و شوخت دەیپارێزێت، کە یەکەمجارە لە زنجیرە ئایفۆنەکاندا دادەنرێت.

پاتری

ئایفۆنی نوێ بەگوێرەی تیم کووک، بۆ ماوەیەکی زیاتر دەمێنێتەوە.

چیپ

iPhone 14 هەمان چیپەکەی ساڵی رابردووی iPhone 13 Pro بەکاردێنێت کە بریتییە لە (A15)، ئەوە یەکەمجارە دوو ساڵ هەمان چیپ بەکاردێنێت.

کامێرا

کامێرای سەرەکیی ئایفۆن چواردە 12 مێگا پێکسڵە، پێکسڵی گەورەتر، دەرچەیەکی خێراتر و هەستەوەری پێشکەوتووتری هەیە.

بۆ یەکەمجار، کامێرای پێشەوە تایبەتمەندی ئۆتۆ فۆکەسی هەیە، کە وادەکات کامێرەکە لە دووری جیاواز و لە رووناکی کزدا فۆکەس بکات بۆ دەستکەوتنی سێڵفی روونتری تاکەکەسی یان بەکۆمەڵ.

هەروەها کامێراکە بژارەیەکی نوێی هەیە کە وادەکات ڤیدیۆ تۆمارکردن لە کاتی جووڵەدا نەلەرزن و زیاتر سەقامگیر بن.

رەنگەکان

iPhone 14 و iPhone 14 Plus بە پێنج رەنگ بەردەستن:

شینی تاریک

شیریی پەمەیی باو

شین

وەنەوشەیی

سوور

نرخ

نرخی iPhone 14 لە 799 دۆلاری ئەمریکییەوە دەستپێدەکات، کە هەمان نرخی ئایفۆنەکانی زنجیرەی 13یە.

نرخی iPhone 14 Plus لە 899 دۆلارەوە دەستپێدەکات. ئەم هەواڵەش بۆ خولیایانی ئایفۆن مایەی دڵنەوایی بوو، چونکە پێشبینی دەکرا بەهۆی هەڵاوسان و دروستبوونی کێشە لە زنجیرەی دابینکاریی جیهانیدا نرخەکەی 100 دۆلاری بچێتە سەر.
ئایفۆن 14 و ئایفۆن 14 پڵەس بۆ داواکاریی پێشوەخت لە 9ی ئەیلوولەوە بەردەستدەبن.
ئایفۆن 14 لە 16ی ئەیلوولەوە دەخرێتە بازاڕەکانەوە، ئایفۆن 14 پلەسیش لە 7ی تشرینی یەکەمەوە.

iPhone 14 Pro و iPhone 14 Pro Max
ئەپڵ قورسایی تایبەتمەندییە نوێیەکانی خستووەتە نێو ئەم دوو جۆر ئایفۆنەوە.
iPhone 14 Pro و iPhone 14 Pro Max هەمان تایبەتمەندییان هەیە ئەوە نەبێت کە قەبارەی شاشەکەیان جیاوازە.
ئایفۆن 14 پڕۆ قەبارەکەی 6.12 ئینچە
ئایفۆن 14 پڕۆماکس قەبارەکەی 6.7 ئینچە
هەردووکی بە چوار رەنگ بەردەست دەبن:

رەش

خۆڵەمێشی

زێڕین (گۆڵد)

وەنەوشەیی

لە iPhone 14 Pro نۆچەکە لابراوە

لە iPhone 14 Pro نۆچەکە لابراوە کە لە مێژەوە بەکارهێنەران داوایان لە ئەپڵ دەکات بچووکی بکاتەوە یان نەیهێڵێت.
لە شوێنی نۆچەکە، تایبەتمەندیێکی تەواو نوێ زیادکراوە کە ئەپڵ بە “دوورگەی داینامی” ناوی دەبات.

تایبەتمەندییەکە وەکو شاشەیەکی بچووکراو لە سەرەوەی شاشەکە، واتە لە دەوروبەری کامێرای پێشەوە و هەستەوەرەکاندا دەردەکەوێت، کە دەتوانرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میوزک، پەیوەندییەکان، یان هەر ئەپڵیکەشنێکی دیکە کە لە باکگراونددا کاربکات، بەکاربهێنرێت، بێ ئەوەی پێویستبکات لە ئەپڵیکەیشنەکانی دیکە بڕۆیتە دەرەوە.

هەروەها دەتوانیت لە بری پەردەی سەرەوە، هەموو ئاگانامەکان لە “دوورگە داینامی”یەکەدا ببینی.
چیپی Pro
لە هەر دوو iPhone 14 Pro و iPhone 14 Pro Max دا نوێترین چیپی (A16) بەکارهێنراوە کە خێرایی زیاتر بە ئامێرەکە دەبەخشێت.

کامێرای Pro

کامێرای سەرەکیی هەردوو ئایفۆنە پڕۆیەکە 48 مێگاپێکسڵە.

نرخی Pro


iPhone 14 Pro نرخەکەی لە 999 دۆلارەوە دەستپێدەکات
iPhone 14 Pro Max نرخەکەی لە 1099 دۆلارەوە دەستپێدەکات
بۆ داواکارییی پێش وەخت لە 9 ئەیلوولەوە بەردەستدەبن و لە 16ی هەمان مانگ دەخرێنە کۆی بازاڕەکانەوە.

*سێ کاتژمێری ئەپڵ

Apple Watch Ultra

لە 799 دۆلارەوە دەستپێدەکات. کاتژمێرە زیرەکەکە بۆ ئەو کەسانە دروستکراوە کە حەزی سەرکێشی و چالاکی پڕ جووڵەی دەرەوە و ژینگە سەختەکانیان هەیە. دەتوانێت لە قوولایی دەریاکاندا کاربکات.

بە بەراورد لەگەڵ هەموو کاتژمێرەکانی دیکەی ئەپڵ:

شاشەیەکی روونتری هەیە

زیاتر دژی ئاو بەرگە دەگرێت

قیبلەنمایێکی بەهێزی تێدایە

بە یەک بارگاویکردن دەتوانێت 36 کاژێر کاربکات و ئەگەر بژارەی پاراستنی وزەش پێبکرێت، پاترییەکەی دەتوانێت 60 کاژێر بمێنێتەوە.

کاتژمێرەکانی Series 8

نرخی کاتژمێری زنجیرەی هەشتەم لە جۆری خانەیی GPS لە 399 دۆلار و جۆری خانەیی cellular لە 499 دۆلارەوە دەستپێدەکات.

تایبەتمەندی و هەستەوەرەکانی هەردوو کاتژمێرەکە باشترکراون بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی وردتر چاودێریی سووڕی مانگانەی ژنان بکات و بۆ یەکەمجار بە پشتبەستن بە پلەی گەرمیی لەش، پێشبینی کاتی هێلکەدانانیان بکات.

هەروەها دەتوانێت هەست بە پێکدادانی ئۆتۆمبێل یان هەر رووداوێکی هاتووچۆ بکات و لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسە نزیکەکانی بەکارهێنەر ئاگاداربکاتەوە.

Apple Watch SE

نرخی ئەم کاتژمێرە بۆ جۆری GPS لە 249 دۆلار و لە نرخی خانەیی لە 299 دۆلارەوە دەستپێدەکات. ئەمەشیان توانای هەستکردن بە رووداوی هاتووچۆ هەیە و لە مۆدێلەکانی پێشوو خێراترە.

Airpods Pro2

بیستۆکە نوێیەکانی ئەپڵ کە بە ئەیرپۆد ناودەبرێن، لە 9ی ئەیلوولەوە لە بازاڕەکاندا بە نرخی 249 دۆلار بەردەست دەبن.

لە نوێترین تایبەتمەندییەکانیان بریتین لەمانەی خوارەوەی:

-زیادکردنی هەستەوەر بۆ قەدی بیستۆکەکە کە دەتوانرێت بە دەستپێداهێنان بۆ سەرەوە و خواروە دەنگ بەرز و نزم بکاتەوە

-بە یەک بارگاویکردن، توانای 6 کاژێر کارکردنیان دەبێت کە زیاترە بەراورد بەوانی پێشوو

-هەر دانە بیستۆکێک ون بێت، دەنگێک دەردەخات بۆ ئەوەی بتوانیت بیاندۆزیتەوە

-هەروەها بیستۆکدانکەکە (یاخود کەیسی بارگاویکردنەوەی بیستۆکەکان) لە ژێرەوە دەنگدەرێکی پێوەیە کە دەتوانێت لە کاتی ونبوونیدا دەنگێکی گەورە دەربکات.

-زیاتر دژە ژاوەژاون

پەیوەندیدار