راپۆرتێکی نوێی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاشکرای دەکات بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و هەروەها قەیرانە جیهانییەکانی دیکە گەشەی مرۆڤایەتی بۆ ئاستی ساڵی 2016 گەڕاندووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 8ی ئەیلوولی 2022، پرۆگرامی پەرەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP)، لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاند بۆ یەکەمجار لە ماوەی 30 ساڵی دامەزراندنییەوە سەبارەت بە بەرنامەی گەشەی مرۆیی، کە تایبەتە بە ماوەی ژیان لە وڵاتان و ستاندارد و بژێویی ژیان بۆ دوو ساڵ لەسەریەک بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
هەروەها بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە 90٪ی وڵاتان لە ساڵانی 2020 و 2021، لە گەشەی مرۆیی دواکەوتوون و هۆشداریش دەدات کە رەنگە ئەو دواکەوتنە کاریگەریی نەرێنی بۆ سەر ئایندەی زۆربەی وڵاتان هەبێت.
لەوبارەیەوە، ئایخام ستاینەر، بەڕێوەبەری گشتیی (UNDP)، دەڵێت: “ئەنجامەکانی ئەو راپۆرتە پێماندەڵێت، کە زووتر دەمرین و کەمتر فێر دەبین و داهاتیشمان کەم دەبێتەوە. بەگوێرەی ئەو داتا و پۆلێنکارییانەی لەبەردەستن، دەزانین کە بۆچی خەڵکێکی زۆر هەست بە نائومێدی و بێزاری لەبارەی داهاتوومانەوە دەکات”.
راپۆرتەکەی بەرنامەی پەرەپێدان کە بەناوی “کاتە نادیارەکان و ژیانە نائارامەکان” ئاشکرای دەکات، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەورەترین هۆکاری دواکەوتنی جیهانە، بەڵام راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات قەیرانەکانی دیکەی وەکو قەیرانی سیاسی و ئابووری و گۆڕانی کەشوهەوا، دەرفەتی نەداوەتەوە بە جیهان، زیانی کۆرۆنا قەرەبوو بکاتەوە.
سەبارەت بەو دواکەوتنانە، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: “لە رابردوودا جیهان رووبەڕووی کارەسات بووەتەوە و ململانێ و ناکۆکی هەبوون، بەڵام ئەو شەپۆلە قەیرانانەی ئێستا رووبەڕووی جیهان بووەتەوە هۆکاری سەرەکین لە دواکەوتنی گەشەی مرۆڤ.”
راپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، وڵاتانی ئەفریقی وەکو باشووری سوودان و نایجیر و چاد لە خراپترینی وڵاتانی جیهانن بۆ دواکەوتنی گەشەی مرۆیی و سویسرا و نەرویج و ئایسلاندیش لە باشترینی جیهانن.