ئەمریكا 756 ملیۆن دۆلاری دیكە وەك یارمەتی مرۆیی دەداتە سوریا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، 756 ملیۆن دۆلاری دیکە وەکو یارمەتیی مرۆیی دەنێرێت بۆ سووریا، کە دوای زیاتر لە یەک دەیە لە جەنگ، هێشتا دۆخی مرۆیی تێیدا “نالەبارە.”

ئەنتۆنیۆ بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، “بەردەوام دەبین لە پاڵپشتییە نەگۆڕەکەمان بۆ خەڵکی سووریا،” ئەوەش لە کاتێکدایە کە سەرەتای ئەمساڵ ئەمریکا 808 ملیۆن دۆلاری وەکو یارمەتیی مرۆیی بە سووریا بەخشی.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، لیندا تۆماس گرینفێڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی چوارشەممە بەخشینی ئەو یارمەتییە مرۆییەی راگەیاندووە.

بلینکن جەخت لە گرنگیی هەبوونی رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی دەکاتەوە بۆ رێگەدان بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە و دەڵێت، ئەوە “شا دەماری ژیانە” بۆ ملیۆنان خەڵکی سووریا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، “گەیاندنی یارمەتییەکان لە رێگەی سنوورەوە دڵنیایی دەدەن لەوەی کە یارمەتیی پێویست بۆ پاراستنی ژیان، لە نێویاندا خۆراک، دەرمان و پێداویستییەکانی دیکە بگەن بە خەڵک لە سەرانسەری باکووری رۆژئاوای سووریا کە بۆ مانەوە لە ژیان پشت بەم یارمەتییانە دەبەستن.”

مانگی تەممووز، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارنامەیەکی پەسندکرد بۆ درێژکردنەوەی گەیاندنی یارمەتییەکان لە رێگەی دەروازەی سنووریی بابولهەواوە بۆ نێو سووریا بۆ ماوەی شەش مانگ، کە ئەو ماوەیە لەلایەن رووسیاوە داواکرابوو. ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەنەکە داوای ساڵێکی تەواویان دەکرد.

سیستمی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لە رێگەی سنووری تورکیاوە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان، لە ساڵی 2014وە بووەتە تاکە رێگەی گەیاندنی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە خەڵکی سڤیل بەبێ ئەوەی یارمەتییەکە بە نێو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتدا بڕوات.

واشنتن دەڵێت، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا، 15.7 ملیار دۆلاری وەکو یارمەتیی مرۆیی بە سووریا داوە.

پەیوەندیدار