شەوی رابردوو لە شارۆچکەیەکی مێرسینی تورکیا، دوو ژنی خۆکوژ خۆیان تەقاندەوە، بەو هۆیەشەوە پۆلیسێک کوژرا و پۆلیسێکی دیکەش لەگەڵ سێ سڤیل بریندار بوون.
دوای شەڕەتەقەکەی شەوی رابردوو لە شارۆچکەی مەزیتلی-ی پارێزگای مێرسینی تورکیا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سولەیمان سۆیلو، وەزیری نێوخۆی تورکیا لە شوێنی رووداوەکە کوژرانی پۆلیسێک و برینداربوونی پۆلیسێکی دیکە و سێ کەسی سڤیلی راگەیاند.
رووداوەکە کاتژمێر نزیکەی 11:00ی شەوی رابردوو لە خاڵێکی چاودێریی پۆلیس روویدا. بەپێی زانیاریی شایەتحاڵان، دوو کەس لە ئۆتۆمبێلێکەوە دابەزیون و سەرەتا بۆمبیان هەڵداوە و دواتریش بە کڵاشینکۆڤ تەقەیان لە پۆلیسەکان کردووە.
بە گوتەی وەزیری نێوخۆی تورکیا، دوو هێرشکارەکە ژن بوون و بە برینداری خۆیان تەقاندووەتەوە.
سولەیمان سۆیلو بە دیاریکراوی تۆمەتەکەی نەخستووەتە پاڵ هیچ رێکخراوێک، بەڵام ئەو دوو هێرشکارەی بە “تیرۆرست” ناوبرد.