دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری لیمان، سەرۆكی چیچان داوای بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی دەكات

سەرۆکی چیچان رایگەیاند، پێویستە مۆسکۆ چەکی ئەتۆمی سادە وەک وەڵامێک بۆ هێرشە پێچەوانەکانی ئۆکرانیا و کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی لیمان بەکاربهێنێت.
رۆژی شەممە 1ی10-2022، رەمەزان قادیرۆڤ سەرۆکی چیچانی نزیک لە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا لە تێلەگرامەوە داوای لە مۆسکۆ کرد چەکی ئەتۆمی لە ئۆکرانیا بەکار بهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە روسیا لە ئۆکرانیا چەکی ئەتۆمی سادە و کەم هێز بەکاربهێنێت وەک وەڵامێک بۆ دەرکردنی هێزەکانی لە شارۆچکەی لیمان.
ئەمەش دوای ئەوەدێت لە ماوەی رابردوودا رەمەزان قادیرۆڤ سەرۆکی چیچان هۆشیاری دایە بەرپرسانی سوپای روسیا، ئەگەر هێزەکانیان توند نەکەنەوە و هێرشە پێچەوانەکانی ئۆکرانیا نەوەستێنن ئەوا هەڵەکانیان بە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا دەگەیەنێت.

ئۆکراینا کۆنترۆڵکردنەوەی شاری لیمانی راگەیاند کە رووسیا بە گشتپرسی لکاندی بە وڵاتەکەیەوە


سوپای ئۆکراینا دەڵێت، لە هێرشێکی پێچەوانەدا کۆنترۆڵی شاری لیمانی کردووەتەوە و رووسیاش سەرەڕای ئەوەی کشایەوە، هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ئەو شارە.

ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، “جگە لە زیانەکان و پێشڕەوییەکانمان، دووژمن هێزێکی زۆری بەو ئاراستەیە نارد. لەترسی گەمارۆدانی سەربازەکانمان، یەکەکانمان لەوێ کشاندەوە بۆ شوێنێکی باشتر.”

رووسیا لە رێگەی گشتپرسییەکەوە 15%ی خاکی ئۆکراینای لکاند بە خاکی وڵاتەکەیەوە. شاری لیمان دەکەوێتە باکووری پارێزگای دۆنێتسک، کە ئێستا رووسیا بە خاکی خۆی ناویدەبات. ئۆکراینا لە هێرشێکی پێچەوانەدا ئەو شارەی کۆنترۆڵ کردەوە.

رووسیا دەڵێت، لە هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆسەر شاری لیمان، 200 سەربازیان کردووەتە ئامانج، پێنج تانک و نۆ زرێپۆشیان تێکشکاندووە.

لەگەڵ ئەوەی رووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر ئۆکراینا چڕ کردوونەتەوە، بە گوتەی خۆیان 300 هەزار سەربازی یەدەگیان بانگ کردووە، هاوپەیمانانی ئۆکرایناش سزاکانیان بۆسەر رووسیا زیاد کردووە.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، “ئەمڕۆ سزای نوێ بەسەر رووسیادا دەسەپێنین، ئەو دەسەڵاتانەش دەگرێتەوە کە هاوکاریی سیاسی و ئابووری بۆ لکاندنی خاکی ساختە بە رووسیاوە دەنێرن.”

شاری لیمان 160 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی خارکێڤەوە دوورە و لە چەند رۆژی رابردوودا 5000 سەربازی رووسی لەو شارەدا بوون، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئۆکراینا، لە کاتی کشانەوەی سوپای رووسیادا چەندین تانک و زرێپۆشیان بەجێهێشتوون.

پەیوەندیدار