رووسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات

تاوەکو شەڕ لە ئۆکراینا گەورەتر بێت، بەرپرسانی رووسیا ئاماژەی زیاتر بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکەن. وەزیری دەرەوەی رووسیا هەڕەشە دەکات و دەڵێت، چیدیکە چاوپۆشی لە کارەکانی ئۆکراینا و وڵاتانی رۆژئاوا ناکەن.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، “کاتێک قسە لەبارەی ئاسایشی ژینگە دەکەین، ناتوانین لە باسکردنی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی خۆمان بەدوور بگرین. ناتوانین لە ئاست کردەوەکانی کیێڤ بێدەنگ بین کە مەبەستییەتی مەترسیی بەکارهێنانی جۆرە جیاوازەکانی چەکە کۆمەڵکوژەکان دروستبکات”.

27ی شوباتی ئەمساڵ، سێ رۆژ دوای هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، ڤلادیمیر پووتین بە فەرمی چەکی ئەتۆمی خستە باری ئامادەباشییەوە. بەرپرسانی کرێملین ئەو تۆمەتانە دەخەنە پاڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کە گوایە داوای لە رۆژئاوا کردووە دەستپێشخەر بێت لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، هەنگاوێک کە زۆربەیان رەتیدەکەنەوە.

ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا باس لەوە دەکات، “پێموایە زۆر گرنگە وەڵامێکی روونمان هەبێت بۆ هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کە گوێمان لێیدەبێت. پێویستە وەڵامەکەش ئەوەبێت کە هەموو لایەک خۆیان لەوە بەدووربگرین. ئەمە بۆسەر جیهان مەترسی دەبێت. بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی جێگەی قبووڵکردن نییە.”

ئەمریکا دەڵێت، هیچ ئاماژەیەکی هەواڵگرییان لەبەردەست نییە رووسیا چەکی ئەتۆم بەکاربهێنێت، بەڵام ئامادەشن بۆ هەموو ئەگەرێک.

کارین جین پیێرە، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، “قسەی رووسیا لەبارەی بەکاهێنانی چەکی ئەتۆمی هەستنەکردنە بە بەرپرسیارییەتی و ئەو چەکە بەهیچ شێوەیەک نابێت بەکاربهێنرێت. ئەو هەڕەشانەی پووتین نامانترسێنن. هەر بەکارهێنانێکی ئەو چەکە، ئەنجامی نەخوازراوی دەبێت.”

ئەو بۆمبەی کە ئێستا باس لە مەترسیی بەکارهێنانی دەکرێت، پێیدەڵێن چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی کە بڕی وزەی دەردراوی 1000 تۆن بۆ 50,000 تۆنە و لە بەرەکانی جەنگدا بۆ مەبەستی تاکتیکی بەکاردەهێنێدرێت. هەرچی بۆمبی ئەتۆمیی ستراتیژییە، زۆر گەورەتر و وێرانکەرترە و بڕی وزەی دەردراو لە کاتی بەکارهێنانیدا لە 100 هەزار تۆن بۆ یەک مێگاتۆن دەڕوات.

بۆمبی ئەتۆمیی تاکتیکی دەکرێت لە رێگەی بۆمبی هێشوویی، مووشەک، گولـلەتۆپ، مین، فڕۆکە و ژێردەریاییەوە ئاراستەبکرێت.

بەگوێرەی پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی، لە جیهاندا نۆ وڵات خاوەنی چەکی ئەتۆمین؛ رووسیا بە 5977 چەک، خاوەنی زۆرترینە و دووەمیان ئەمریکایە کە 5428 چەکی ئەتۆمی هەیە. چین 350، فەرەنسا 290، بەریتانیا 225 چەک، هیندستان 160 و پاکستان 165 چەکی ئەتۆمییان هەیە، باوەڕ وایە ئیسرائیلیش خاوەنی 90 چەکی لەو جۆرە و کۆریای باکووریش 20 دانەی هەیە.

رووسیا فەرماندەیەکی نوێی بۆ جەنگی ئۆکرانیا دیاریی کرد


لەدرێژەی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی سوپای رووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا و زیادبوونی ناڕەزایەتییەکانی دەستەبژێری روسیا لە خراپی ئیدارەدانی جەنگی ئەو وڵاتە، سوپای ئەو وڵاتە دوێنێ شەممە فەرماندەیەکی نوێی بۆ فەرماندەییکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتییەکەی لە ئۆکرانیا دیاریکرد.

وەزارەتی بەرگریی روسیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی تەلەگرام رایگەیاند: “جەنەڕاڵی سوپا سێرگی سۆرۆڤیکین وەک فەرماندەی نوێی هێزە هاوبەشەکانی سوپای روسیا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت” لە ئۆکرانیا دەستنیشانکراوە.

سورۆڤیکینی تەمەن 55 ساڵ، پێشتر بەشداریی لە شەڕی ناوخۆی تاجیکستان ماوەی ساڵانی نەوەدەکاندا کردووە، هەروەک بەشداریی لە جەنگی دووەمی چیچان لە کۆتایی ساڵی نەوەدەکان و بەشداریی لە دەستێوەردانی ڕووسیا لە سووریا کە لە ساڵی 2015 کردووە.

ئەم بڕیارە، کە لەلایەن مۆسکۆوە ڕاگەیەندراوە، دوای زنجیرەیەک شکستی گەورەی سوپای ڕووسیا لە ئۆکرانیا دێت، بەتایبەت کە هێزەکانی ڕووسیا لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا لە گەورەترین بەش لە ناوچەی خارکیڤ (باکووری ڕۆژهەڵات) لەئەنجامی دژە هێرشێکی سوپای ئۆکرانیا دەرکران ، ئەمەش ڕێگەی بە کیێڤ دا کە هەزاران کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکەکەی کۆنترۆڵ بکاتەوە.

هەروەها هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەی خێرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا 500 کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوییان لەدەستدا و بە سەختییەکی زۆر لە گەمارۆی دەوروبەری شارۆچکەی ستراتیژیی لیمان ڕزگاریان بوو کە ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆکرانیادایە.

ئەم شکستە گەورانە رەخنەیەکی زۆری لای دەستەبژێرانی ئەو وڵاتە لێکەوتەوە، بەشێوەیەک ڕەمزان قادیرۆڤ ڕێبەری چیچانییەکان هێرشی کردە سەر سەرکردایەتی سەربازیی رووسیا، لە هەمان کاتدا ئاندرێ کارتاپۆلۆڤ سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە ئاشکرا داوای لە سوپا کرد “واز لە درۆ بهێنێت و راستییەکان ئاشکرا بکەن”.

گۆڕینی فەرماندەی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا هاوکات بوو لەگەڵ تەقینەوەیەک کە بەشێکی پردی کریمیای وێران کرد، کە ڕێگایەکی سەرەکیی پێکدەهێنێت بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ئەو نیمچە دوورگەیە و هێزەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا.

پەیوەندیدار