كارەبای هەولێر: هەر هاوبەشێكی ماڵان سەرووی 2 ملیۆن دینار قەرزدار بێت كارەبای دەبڕدرێت

بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر/2 رایگەیاند: “هەر هاوبەشێکی کارەبا (ماڵان) زیاتر لە دوو ملیۆن دینار قەرزدار بێت و نەیگەڕێنێتەوە، بەناچاری کارەباکەی دەبڕدرێت، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییانیش بکرێت، قیست دیاریکراوە و دەتوانن بەقیست قەرزەکانیان بگەڕێننەوە.”

رۆژی دووشەممە 22-10-2022، کەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر/2 لە لێدوانێكدا رایگەیاند: ” هاوبەشانی ماڵان نزیکەی 60 ملیار دینار قەرزداری وەزارەتی کارەبان، ئەوەش کاریگەری لەسەر پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانمان دروستکردووە و داهاتمان زۆر زۆر خراپە، بۆیە دەستمان بە بڕینی کارەبا کردووە و قۆناخی یەکەم لەو هاوبەشانەوە دەستمان پێکرد کە سێ ملیۆن دینار قەرزدارە، قۆناخی دووەم کە بەنیازین لەم هەفتەیەوە جێبەجێی بکەین ئەو هاوبەشانەن کە سەرووی دوو ملیۆن دینار قەرزدارن، ئەگەر پارەکەیان نەگەڕێننەوە لە رێگەی سیستەمی زیرەکەوە کارەبایان دەبڕدرێت، بەڵام کە سەردانیان کردین و پارەکەیان هێنایەوە کارەباکەیان پێدەدرێتەوە.”

بە گوتەی کەمال عەساف: “بۆ ئەوەی هاووڵاتییان قەرزەکانیان بهێننەوە، بەشێوەی قیست ئاسانکارییان بۆ کراوە، هەر هاوبەشێک کارەباکەشی ببردرێت بەشێک لە قەرزەکەی بهێنێتەوە دووبارە کارەباکەی پێ دەدرێتەوە، مەرج نییە ئەوەی سەرووی دوو ملیۆن قەرزدار بێت هەمووی بەیەکجار بهێنێتەوە.”

بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر/2 گوتیشی: “هاووڵاتیی زۆر هەن بەهیچ شێوەیەک سەردانمان ناکەن، لەکۆی 214 هەزار هاوبەشی ماڵان تەنیا دوو هەزاریان هاتوون و داوایان کردووە قەرزەکانیان بۆ بکرێتە پشک، هاوبەشی ماڵانمان هەن بەتایبەتی ئەوانەی لە شار و گەڕەکە نوێیەکانن، چوار ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن دینار پارەی کارەبا قەرزدارن.”

لەبارەی قەرزی هاوبەشانی دیکە بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر/2 گوتی: “کاری باشمان لەسەر گەڕانەوەی پارەی بازرگانیی بچووک کردووە، پێشتر 16 ملیار دینار قەرزداربوون، ئێستا نزیکەی 14 ملیار دینار قەرزدارن، بازرگانی گەورەش پێشتر 16 ملیار بوو ئێستا نزیکەی 14 ملیار دینار قەرزدارن، پیشەسازی نزیکەی دوو ملیار و نیو و کشتوکاڵیش نزیکەی دوو ملیار دینار قەرزدارن.”

کەمال عەساف گوتیشی: “ئێمە زستانمان لە پێشە، پڕۆژەیەکی زۆر هەیە لەبەر نەبوونی بودجە تائێستا جێبەجێنەکراوە، ئەو داهاتەی کە کۆدەکرێتەوە 8٪ی بۆمان دەگەڕێتەوە و پڕۆژەکانی پێ جێبەجێ دەکەین، بۆیە ئەو پەستانە دەخرێنە سەر هاووڵاتییان.”

پەیوەندیدار