چین داوا لە توركیا دەكات، دەستبەجێ هێرشەكانی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان رابگرێت، چونكە ئەوە پێشێلكردنی سەروەری خاكی سوریایە و بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.
گینگ شوانگ لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا وتی، پێویستە بە توندی بەرگری لە سەروەری و یەكگرتوویی خاكی سوریا بكەین، تاوەكو ئێستا بارودۆخی ئەمنی لەو وڵاتە ئاڵۆزە، توركیا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سوریا ئەنجام داوە و راشیگەیاندووە كە هێرشی زەمینی ئەنجام دەدات، هەروەها هێرشە ئاسمانیەكانی ئیسرائیلیش بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەموو ئەم كارانە بە ئاشكرا پێشێلكردنی سەروەری و یەكگرتوویی خاكی سوریایە و دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی قەیرانەكانی سوریا و تەشەنەسەندنیان
نوێنەری چین لە نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی لەوەش كردووەتەوە، وڵاتەكەی نیگەرانە لەو بارودۆخە و داوا لە توركیا و ئیسرائیل دەكات دەستبەجێ هێرشەكانیان رابگرن و دوربكەونەتەوە لە هەر كارێك كە بارودۆخەكە ئاڵۆزتر بكات، هەوڵ بدرێت لە رێگەی گفتوگۆوە كێشەكان چارەسەر بكرێن.