پاش نزیکەی سێ مانگ لە بەردەوامی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هێشتا کاردانەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن و کاسبکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند.
لە نزیکەی بیست شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و شارە گەورەکانی ئێران هاوڵاتییان دووکان و بازاڕەکانیان نەکردەوە و دەڵێن، ئەو هەنگاوەیان هەڵوێستێکە لە بەرامبەر مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەگوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتەش مانگرتنەکە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
نەسیر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پرسی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی لەلایەن وڵاتانی دەرەوەوە ئاڕاستە دەکرێت و نابێت هیچ کەس بۆ مەرامی سیاسی ئەم خۆپیشاندانانە بەکاربهێنێت.
ڕاشیگەیاند، پێشنیازی ئەمریکا و وڵاتانی تر رەتدەکەنەوە کە ئێران لە لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی ژنان دەربکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەڕای ئەوەی لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا کارەکانی پۆلیسی ئاکار ڕاوەستێنرا، بەڵام هەشتا ڕۆژە خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان بەردەوامن و بەگوێرەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نزیکەی پێنج سەد کەس گیانیان لەدەستداوە و هەژدە هەزار کەسی دیکە دەستگیرکراون.