بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوە لەبارەی میکانیزمی رێکارە کارگێڕییەکان دەدات بۆ خەرجکردنی 400 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە و دەڵێت، هەفتەی داهاتوو پارەکە دەگات.
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە خەرجکردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان، پێویستە پاڵپشت بەو بڕیارە، ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی فەرمی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بکات، بە مەبەستی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە، چونکە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە تەنیا بەبێ نووسراوی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ ناکرێت، ئەمەش یەک دوو رۆژی پێویستە.
بە گوتەی فازڵ نەبی، “بانکی ناوەندیی عێراق لقی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەو بڕە پارەیەش لەو لقەدا هەیە، بۆیە دەکرێت بانکی ناوەندیی عێراق نووسراوەکە بکات و دواتر راستەوخۆ لە لقی هەرێمی کوردستان بانکەکە لە هەولێر خەرجی بکات و بۆ سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستانی بگوازێتەوە.”
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق پێیوایە، “ئەگەر کاری لەسەر بکرێت، ئەوا هەموو پرۆسەکە تاوەکو خەرجکردنی پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان، چوار تاوەکو پێنج یان شەش رۆژی پێویستە. ئەگەر کێشەی بۆ دروست نەکەن. ئەمە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە و دەبێ جێبەجێ بکرێت. بەم شێوەیەش بێت هەفتەی داهاتوو پارەکە دەگات.”
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە 13-12-2022 کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “پاڵپشت بە کارنامەی وەزاری کە هێزە سیاسییەکان لەسەری رێککەوتوون و پەرلەمانی پەسندی کردووە، بەپێی بڕیاری (ژمارە 18ی ساڵی 2022) بە نووسراوی ژمارە (1/9.د.خ./س.1/18) لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022 ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە وەزارەتی دارایی 400 ملیار دینار خەرج بکات، ئەوەش وەکو شایستەی هەرێمی کوردستان.”
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “ئەو بڕە پارەیە لە داهاتی نەوتی و نانەوتییە و لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە بە هاوئاهەنگی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی دەکرێت، ئەوەش دوای تەواوکردنی هەژماردنی داهاتی نەوتی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.”