پەرلەمانتارێك: دەتواندرێت بە 200 ملیاری بەغداوە پێش سەری ساڵ موچەی مانگی 12 بدرێت

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، 400 ملیار دیناره‌كه‌ی بەغدا بەناوی “تەواوکاری موچەیە” بۆ مانگه‌كانی 11 و 12، كه‌ 172 ملیار دیناری بۆ زۆنی سلێمانییە، 228 ملیار دیناری بۆ زۆنی هەولێر و دهۆکە.

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه‌، “پرسیارمان کردوه‌ ئەو پارەی بەغدا ناردویەتی بەناوی تەواوکاری موچەیە بۆ مانگی 11 و 12، 172 ملیار دیناری بۆ زۆنی سلێمانییە، 228 ملیار دیناری بۆ زۆنی هەولێر و دهۆکە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، بۆ مانگی 12 داهاتی نەوت لە 25ی مانگەوە دەگەڕێتەوە، دەتواندرێت بە 200 ملیاری بەغداوە پێش سەری ساڵ موچەی مانگی 12 بدرێت، 200 ملیار دینار دەمێنێتەوە، بۆ مانگی 1ی ساڵی ئایندە دەتواندرێت موچە ڕێکبکرێتەوەو لە کاتی خۆیدا بدرێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت، “لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن بکرێت مانگانە پشکی هەرێم نزیکەی یەک ترلیۆن 300 ملیار دینار دەبێت، بەو داهاتانەی ناوخۆوە کە ناگەڕێتەوە داهاتی مانگانە دەگاتە یەک ترلیۆن و 500 ملیار، کە 900 ملیار بۆ موچەیە و 600 ملیار بۆ پڕۆژە و خەرجی و بوارەکانی دیکە دەمێنێتەوە، بۆیە بژاردەی دروست ڕێککەوتنە لەگەڵ عێراق”.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم دوێنێ چوارشەممە رایگه‌یاند، بابەتی نەوت، بودجە و پشکی هەرێم لە بەشەبودجەی 2023ـی عێراق، لەو بابەتانەن کە بۆی هاتون، وەزارەتی دارایی عێراقیش لە تەواوی ساڵی 2022دا، تەنها دو مانگ پارەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردوە، بۆیە بەشێکی سەردانەکەمان تایبەت بو بە داکۆکیکردن لە بەشە بودجەی هەرێم، هەروەها ئەو کێشانەی کە پێشتر لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەبون، هەروەها کێشەی میلاکاتی فەرمانبەران، بابەتی خەرجی و داهاتمان بەتەواوەتی چارەسەر کرد”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کۆبونەوەکانیان گفتوگۆیان لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە کردوە و هەنگاوی زۆر باشیان ناوە و تاڕادەیەک لێکتێگەیشتن لەنێوانیان هەیە، لەبارەی درەنجامی کۆبونەوەکایشەوە “کۆکبوین لەسەر ئەوەی کە لە چوارچێوەی دەستور و ڕێكکەوتنی سیاسی و بەرنامەی وەزاری حکومەتی نوێی عێراق، چارەسەر بۆ ئەو بابەتانە بدۆزینەوە”.

پەیوەندیدار