هەسەدە: لە هێرشێکی تورکیادا سێ کەس گیانیانلەدەستدا، کە یەکێکیان منداڵە

هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە رایدەگەیێنێت، تورکیا بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان منداڵە.

ئێوارەی رۆژی شەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2022، فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە لە تویتێکدا گوتی، “ئەمڕۆ سوپای داگیرکار تاوانێکی دیکەی لە گوندی رەقاسی ناوچەی چەلەبییە ئەنجامدا”، کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان.

ئاماژەی بەوەش دا، هێرشەکان بە درۆن ئەنجامدراون و “سێ کەسی سڤیل بەهۆیەوە شەهید بوون، لەنێویاندا منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ هەبوو بە ناوی وەیسی محەممەد وەیسی.” جگە لەوەش، دەڵێت، کەسێکی دیکەی سڤیلیش بەهۆی بۆردوومانەوە بریندار بووە.

بەرپرسی راگەیاندنی هەسەدە دەشڵێت، “ئەمەش دەچێتە سەر تاوانەکانی داگیرکاریی تورکیا کە هەر لەم مانگەدا 16 کەسی دیکەی کوشت.”

رۆژی 20-11-2022 سوپای تورکیا دەستی بە بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی رۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کرد و ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بەناوی “چنگ – شمشێر” راگەیاند.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەردەوام هەڕەشەی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات و دوایین جار رۆژی 3ی کانوونی یەکەمی 2022 بوو کاتێک لە گوتارێکیدا لە شاری رووهای باکووری کودستان لەبەردەم هەزاران کەس رایگەیاند، لە بڕیاری دروستکردنی ناوچەی ئارام بە قووڵیی 30 کیلۆمەتر “لە باشووری وڵاتەکەمان پاشەکشە ناکەین.”

ئەوەش جاری یەکەم نییە تورکیا لەشکرکێشی دەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان؛ لە ساڵی 2016وە بە هاوکاریی هێزە نزیکەکانی، تورکیا دوو ئۆپەراسیۆنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەنجامداوە. لە سەرەتای ساڵی 2018 تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە چڵە زەیتوونیان دەستپێکرد و دەستیان بەسەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کورستاندا گرت و لە تشرینی یەکەمی 2019ش ئەو هێزانە هێرشیان کردە سەر سنووری سەرێکانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەوانیشیان خستە ژێر دەسەڵاتیانەوە.

پەیوەندیدار