ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا باس لەوە دەکات، بەهەڵوێستەکانیان جیهان بەرەو دادپەروەری و گەلانیش بەرەو یەکسانی دەبەن.
لە میانەی بەشداریکردنی بەشێوەی ئۆنلاین لە کۆنفرانسی بزوتنەوەی لاوانی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، جیهان بە قۆناغی گۆڕانکاریدا هەنگاودەنێت و ئەوەش هەموو کەس هەستیپێدەکات، رووسیاش بەهاوکاری هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت جیهان لە قۆرغکاری رزگاربکەن.
سەرۆکی رووسیا باسی لەوەشکرد، بەدوای جیهانێک دەگەڕێن کە گەلان هەموو یەکسان بن و بەهاکانیان پارێزراوبێت و هەل بە هەموو کەس بدرێت تا بتوانن تواناکانی خۆیان بسەلمێنن.
لەلایەکی دیکەوە سەبارەت بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری رووسیادا هاتووە، لە سنووری دۆنێتسک بەرپەرچی ژمارەیەک هێرشی ئۆکرانیایان داوەتەوە و بەتەنها لەو سنورە 40 سەربازییان کوشتووە.
ئاماژەی بەوەشدا، 9 سیستەمی موشەکی هیمارس و چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و کۆمەڵێک کەرەستەی دیکەی سەربازیی ئەمەریکیان لە ئۆکرانیا لە ناوبردووە.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی سەربازی ئۆکرانیا، بەردەوامی هێرشەکانی رووسیایان بۆ شاری خیرسۆن دووپاتکردەوە و باسیان لەوەکرد، ئەو هێرشانە زیانێکی زۆری بە ژێرخانی وزەی وڵاتەکە گەیاندووە.