دوو رووداوی هاتوچۆ لە هەولێر گیانلەدەستدانی كەسێك و برینداربوونی حەوت کەسی دیکەی لێدەكەوێتەوە

وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، لە ئەنجامی رووداوێکی هاتوچۆ لە شەقامی 120 مەتری، شۆفێری ئۆتۆمبێلێک گیانی لەدەستدا. دەشڵێت، لە رووداوێکی دیکەی هاتوچۆدا لەهەمان شەقام حەوت کەس برینداربوون و کەسێکیش چارەنوسی نادیارە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، کاتژمێر2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لەسەر شەقامی 120 مەتری، لەو بەشەی دەکەوێتە نێوان رەشکین بۆ رێگای موسل ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا بەهۆی تەواوبوون گازەوە لەکار دەکەوێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، شۆفێری کیاکە پەیوەندی بە یەکێک لە هاوڕێکانییەوە دەکات تا بەدەمییەوە بچێت و هاوکاری بکات، ئەویش دەچێت، بۆ ئەمەش بە پەتێکەوە کیاکە دەبەستێتەوە بە ئۆتۆمبێلی هاوڕێکەیەوە، لەکاتێکدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئەکسێنت تێپەڕدەبێت بەهۆی ئەوەی خێراییەکەی زۆر دەبێت خۆی دەکێشێت بە کیاکەدا و لە ئەنجامدا شۆفێری کیاکە گیان لەدەستدەدات و لە ئێستاشدا چارەنوسی شۆفێری ئەکسێنتەکە نادیارە.

هاوکات، فازل حاجی ئاماژەی بەوەشداوە، هەر شەوی رابردوو بەهەمان شێوە لەسەر شەقامی 120 مەتری بەهۆی تیژڕۆیی دوو ئۆتۆمبێلەوە پێکدادان لە نێوانیاندا روویداوە.

دەشڵێت، دوای رووداوەکە قەرەباڵغی دروستدەبێت و ئۆتۆمبێلێکی دیکە دێت و ئەویش خۆی بە دوو ئۆتۆمبێلەکە دەکێشێت، لە دوای ئەوەش بەچەند خولەکێک ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کۆدەبنەوە و قەرەباڵغییەکە زیاتر دەبێت و ئۆتۆمبێلی چوارەم دێت و بەهۆی بێئاگابوونەوە خۆی دەکێشێت بە ئۆتۆمبێلەکان، لەدەرەنجامی ئەو رووداوەش حەوت کەس برینداربوون.

پەیوەندیدار