پەتای ئینفلەوەنزا بە شێوەیەکی تووند بڵاوبووتەوە و گەورە و بچووک بە دوای چارەسەردا دەگەڕێن، چارەسەریش مەرج نییە تەنیا دەرزی بێت.
لە هەندێک شوێن بە مەبەستی چاکبوونەوە کەسانێک دەرزی بەکاردەهێنن، بێ ئەوەی ئاگاداری مەترسی ئەو دەرزییە بن، بەجۆرێک بە تەنیا یاخود تێکەڵ لەگەڵ دەرزی دیکە لێدەدرێت.
هەرچەندە بۆماوەیەکی کورت “شەش بۆ 12 کاتژمێر” هەست بە باشبوونێکی کاتیی دەکەی، تەنانەت تا و لەرزت نامێنێت، بەڵام پاش ماوەیەکی دیکە بەرگریی جەستەت کەم دەبێتەوە و ڤایرۆسەکە بەسەرتدا زاڵ دەبێت، سەرئەنجام نەخۆشیەکە درێژە دەکێشێت.
دەرزیی (دکسۆن – دکسامیپازۆن یاخود دیکادرۆن و هاوشێوەی دیکەی وەکو سیلستۆن- بێتامیپازۆن، یاخود هایدرۆکۆرتیزۆنی) هەیە.
ئەم دەرزیە زیانی بۆ گەدە، گورچیلە و دەمارەکان هەیە، هاوکات شەکری خوێن، پەستانی خوێن و هۆڕمۆنەکان ناڕێکدەکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی پاش ماوەیەک بەدیار دەکەون، نەخۆشەکە لە سەرەتا هەست بە کاریگەرییە لاوەکییە مەترسیدارەکانی ناکات.
بۆیە جگە لە راوێژی پزیشکی پسپۆڕ، بە هیچ شێوەیەک ئەو دەرزیە بەکارمەهێنن، بەڵکو دەتوانن پاراسیتامۆڵ بەکاربهێنن.
لەکۆتاییدا پشوو، بەکارهێنانی پاراسیتامۆڵ و خواردنی شلەمەنی باشترین و سەلامەتترینن لەکاتی تووشبوون بە پەتاکە.
دکتۆر شێروان رەحمان نانەکەلی
پسپۆڕی فیسیۆلۆژی و پزیشکی گشتی