لەبارەی دابەزینی بەھای دینار، داوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت

بەھۆی دابەزینی لەناکاوی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، 65 پەرلەمانتار داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن.

رائید مالیکی پەرلەمانتاری سەربەخۆ رایگەیاند، ئیمزای 65 پەرلەمانتاریان بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆکردووەتەوە، داواشیکرد، لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی ئامادەبن.
ھاوکات فراکسیۆنی حقووق لە ئەنجومەنی نوێنەران، نوسراوێکی ئاڕاستەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد و رایگەیاند، ئیمزایان بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران کۆکردووەتەوە و داوا دەکەن کۆبوونەوەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی لێکەوتە و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار رێکبخرێت.

ئاماژەیان بەوەشکرد، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی رێکارەکانی حکومەت و بانکی ناوەندی بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان و ئابووریی عێراق بکرێت.

هاوكات حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر هۆشداری لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی دەدات و داوا دەكات، رێوشوێنی خێرا بگیرێتەبەر.

حەیدەر عەبادی لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوە كردووە،، ئەوەی روودەدات بەهۆی بەرزبوونەوەی دۆلار كاریگەری جددی لەسەر ئاستی ژیانی هاوڵاتیان دروستكردووە و پێویستی بە رێوشوێنی خێرا هەیە، بۆ ئەوەی بەها بۆ دیناری عیراقی بگەڕێندرێتەوە.

وتوشیەتی، دوو ساڵ لەمەوبەر هۆشدارییاندا لە دەرئەنجامەكانی دابەزینی نرخی دینار، ئێستاش هۆشداری لە دەرئەنجامەكانی درێژەدان بە سیاسەتی خراپی ئابوری وڵات دەدەن، بەتایبەتی كە داهاتی نەوت بۆ ساڵی 2022 بڕی 150 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە.

سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر باسی لەوەش كردووە، ئەو داهاتەش یەكسانە بە كۆی داهاتی نەوت بۆ ساڵانی 2015 و 2016 و 2017، بۆیە ئەم زیادبوونەی داهات دەبێت لە ‌بەرژەوەندی خەڵك بێت و بارگرانیان كەم بكرێتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستادا نرخی 100 دۆلار گەیشتووەتە 157 هەزار دینار، شارەزایانی ئابوریش باس لەوە دەكەن، هۆكارەكەی كەمی خستنەبازاڕی دۆلارە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە.

پەیوەندیدار