چی دەكەی بۆ ئەوەی لە دوای تەمەنی 60 ساڵی بە گەنجی و جوانی بمێنیتەوە

مرۆڤ كە تەمەنی گەیشتە 60 ساڵ پێویستی بە خۆپارێزی و رێكخستنی ژیانی هەیە بە شێوەیەك كە تەندروستی باش بێت و بەردەوام چێژ لە ژیان ببینێت، سایتی (Eatthis) بابەتێكی تەندروستی بڵاوكردۆتەوە و باس لە كۆمەڵێك هەڵسوكەوت و خوو دەكات كە پێویستە مرۆڤ لە دوای تەمەنی 60 ساڵیەوە وازیان لێ بێنێت و لێیان دوور بكەوێتەوە، بۆ ئەوەی جەستە و دەروونی بەهێزی و تەندروست بێت و بە گەنجی و جوانی بمێنێتەوە.ئەوانیش كۆمەڵێك هەڵسوكەوت و خوون كە لەم چەند خاڵەدا روونیدەكەینەوە:

1 – تەمەڵی: زۆر دانیشتن و نەجوڵان لە هەموو تەمەنێكدا گرفتە و خراپە، بۆیە لە دوای تەمەنی 60 ساڵیەوە زۆر خراپترە و مرۆڤ دەبێت زۆر بجوڵێت و چالاكی زۆر بێت و وەرزش بكات، بۆ ئەوەی جەستەی چالاك بێت و تەمەڵیی، لاوازی نەكات، شارەزایانی تەندروستی پێیان وایە، تەمەڵی و نەجوڵان لە جگەرە مەترسیدارترە بۆ جەستەی مرۆڤ.

2 – قەڵەوی: زیادبوونی كێش سەرچاوەی زۆر نەخۆشییە و مرۆڤ لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا كێشیشی زیاد دەبێت، كە كێشیش زیادی كرد مرۆڤ كەم حەوسەڵە و ناچالاك دەبێت و تەندروستی تێكدەچێت، بۆیە لە دوای تەمەنی 60 ساڵیەوە نابێت مرۆڤ رێگە بدات قەڵەو بێت، چونكە دواتر بە ئاسانی كێشی دانابەزێت و دەبێتە هۆكاری كۆمەڵێك نەخۆشی.

3 – گۆشەگیری: دیاردەیەكی زۆر ترسناكە لە ژیانی مرۆڤدا و ئەگەر كۆنتڕۆڵ نەكرێت مرۆڤ زۆر بە خێرایی لە ژیاندۆستی و ئاسودەیی دووردەخاتەوە و تێكیدەشكێنێت، وەك وتراوە: هەمیشە مرۆڤە گەشبینەكان زۆرتر و خۆشتر دەژین بە پێچەوانەی مرۆڤی گۆشەگیر و قەلەق و دوور لە كۆمەڵگا، بۆیە بۆ تەندروستییەكی باش دەبێت مرۆڤ لەم دۆخە خۆی رزگار بكات.

4 – خۆراكی تەندروست: بۆ ژیانێكی تەندروست پێویستە مرۆڤ سیستمی خۆراكی رێكبخات و بە پێی پێویست جۆرەكانی خواردن بخوات و لە هیچ جۆرێكدا زیادەڕۆیی نەكات، چونكە زیادەڕۆیی زیانی تەندروستی هەیە، بۆیە پێویستە لەو خۆراكانە دوور بكەوینەوە كە سەرچاوەی نەخۆشییە درێژخایەن و مەترسیدارەكانن.

5 – رێگری لە دابەزینی كاركردنی مێشك: مرۆڤ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بیرو هۆشی بكات و نەیەڵێت یادەوەری لاواز بێت، دەبێت بە خوێندنەوە و سیستمی خۆراك و جوڵە و گەڕان رێگری لەوە بكات كە یادەوەری لاواز بێت و شتەكانی رابردوی بیربچێتەوە، وەك شارەزایان دەڵێن: مرۆڤ بە خانەنشین بوون چالاكییەكانی مێشكی دادەبەزێت و یادەوەری كورتخایەنی بە رێژەی 40% خێراتر كەم دەبێتەوە.بۆیە ئەگەر مرۆڤ پابەندی ئەم چەند رێنماییەی سەرەوە بێت و بەردەوام وەرزش بكات، رەنگە تەمەنێكی درێژتر و ئاسودەتری هەبێت، بە تایبەت لە دوای تەمەنی 60 ساڵییەوە.

ئــــــــا : بێستون لەتیف

پەیوەندیدار