سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە، %70ی خەڵكی كوردستان هەڵبژاردنی پێشوو نەچونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و ئەوەش بە هۆكاری ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە خەڵكی متمانەیان بە هیچ لایەنێكی سیاسی نەماوە.
بەڵێن عەبدوڵا، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە دیدارێكیدا كە كەناڵی گەلی كوردستان لەگەڵیدا ئەنجامیداوە، لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، لە هەرێمی كوردستان كێشەی جدی بوونی هەیە و دەشڵێت”ساڵێك پێش ئێستا هەڵبژاردن كرا، %70 خەڵك نەچوو بۆ دەنگدان، نەچوونی ئەو رێژە بەرزە بۆ دەنگدان كارەساتێكی گەورەیە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، چونكە واتا %70 خەڵك متمانەی بە هەڵبژاردن و حزبەكان نەماوە”.
بەڵێن عەبدوڵا لەمیانی دیدارەكەشدا دەڵێت”كاتێك ئەو رێژەیە نەچێتە دەنگدان ئەوە جێگەی پرسیارە، ئایە لایەنە سیاسییەكان هاتوون لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكەن؟ ئەوە پەیامی هاوڵاتیان بوو بە حزب و لایەنە سیاسییەكان، بۆ حكومەت و بۆ هەموومان كە خەڵك بەم جۆرە سیاسەت و حكومڕانییەی ئێستا ڕازی نین، خەڵك نیگەرانە لە هەموومان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە، خەڵك ئەوەندەی لە ئۆپۆزسیۆن نیگەرانە ئەوەندە لە دەسەڵات نیگەران نییە، ئەوەندەی لە دەسەڵات ونیگەرانە لە حزبەكانی وەك ئێمە نیگەران نییە”.
سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان جەخت لە هەبوونی دوو زۆن دەكاتەوە و پێی وایە ڕۆژ بەڕۆژ ئەو زۆنانە زەقتر دەبنەوە، ئەو دەڵێت”ئێمە دوو زۆنمان هەیە، رۆژ بەرۆژ زەقتر دەبێتەوە، تاكەی و دوای 30 ساڵ زۆنی زەرد و زۆنی سەوز هەبێت؟ پێشمەرگە و ئیدارە و داهاتمان دوودانەیە، خەرجیاتمان دوو خەرجییاتە، بەو دۆخەی هەمانە و بەو لێكترازانە سیاسی و ئیدارەی هەمانە مەترسییەكان گەورە تردەبن و چارەنوسی ئەم وڵاتە بەرەو شوێنێكی نادیار دەڕوات، بۆیە ئێستا دەرەقەتی كێشە و هاوكێشە گەورەكان نایەین”.
“ئەركی سەرەكی ئەم دۆخە دەكەوێتە ئەستۆی پارتی و یەكێتی، ڕاستە هەموومان بەرپرسیارێتیمان لەسەر شانە، بەڵام پلەی یەكەم لەچارەنوس و ئایندەی میللەتەكەمان پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لێی بەرپرسن”بەڵێن عەبدوڵا لە دیدارەكەدا وای ووت.
سەبارەت بە پرسی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵێن عەبدوڵا دەڵێت”نێوان هەرێم و بەغدا كە دەكرێت بە هەموومان چارەسەری بكەین، چونكە ئەو كێشە دەستورییانەی ئێمە لەگەڵ بەغدا هەمانە كێشەی هەرێمی كوردستانە و كێشەی تاكە حزبێك نییە، كێشەی تەنها حكومەتی هەرێم نییە لەگەڵ بەغدا، راستە ئەوەی ئیدارەی كێشەكان و خاوەندارێتی كێشەكان دەكات و بە فەرمی دەكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ئەوە حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام كێشەی هەموو هاوڵاتییەك و حزبەكانی هەرێمی كوردستانیشە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەشدار بن لە دارشتنی سیاسەتێك و چۆنیەتی مامەڵە و رێكەوتن لەگەڵ بەغدا، چونكە ئەو پرسە پرسی هەموو هەرێمی كوردستانە”.
ئــــــــا : بێستون لەتیف