ئایا زیدان دەبێتەوە راهێنەری ریال مەدرید؟

بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پلانیان هەیە کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی، راهێنەری تیپەکە لە کارەکەی دووربخەنەوە و جارێکی دیکە زینەدین زیدانی فەرەنسی بگەڕێننەوە.

ماوەی گرێبەستی ئێستای کارلۆ ئەنچیلۆتی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە هاوینی 2024 کۆتایی دێت، لە کاتێکدا زینەدین زیدان پەیوەندی لەگەڵ هیچ یانەیەک نییە.

بەگوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە ئەگەر ئەنچیلۆتی لەم وەرزەدا هیچ نازناوێک بەدەستنەهێنێت، لە پۆستەکەی دووریبخاتەوە و رێگەی پێنادات وەرزی داهاتووی گرێبەستەکەی تەواوبکات.

هەرچەندە ریال مەدرید ئێستا چووەتە سعودیە بۆ بەشداریکردن لە جامی سوپەری ئیسپانیا، بەڵام ئەو پاڵەوانێتییە کاریگەری لەسەر چارەنووسی ئەنچیلۆتی نییە، بەڵکو ئەوەی بەلای کارگێڕیی مێرێنگییەوە هەیە لالیگا و چامپیۆنزلیگن و ئەو دوو پاڵەوانێتییە بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەنچیلۆتی دەدەن.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، کارگێڕیی ریال مەدرید گەڕانەوەی زیدان بە باشتر دەزانێت لە دانانی رائول گۆنزالێس بە راهێنەری نوێ، ئەمەش بەهۆی توانای زیزۆ بۆ کۆنترۆڵکردنی ژووری جلگۆڕین.

رۆژنامەکانی ئیسپانیا دەشڵێن “زیدان چاوی لە گەڕانەوەیە بۆ جیهانی راهێنەرایەتی، سەرکردایەتیکردنی یانەی ریال مەدرید دەرفەتێک دەبێت کە ناتوانرێت لەلایەن راهێنەری فەرەنسییەوە رەتبکرێتەوە”.

زینەدین زیدان سەرەتای کاروانی راهێنەرایەتی خۆی لەگەڵ ریال مەدریددا دەستپێکردووە و لەگەڵیدا مێژوویەکی گەورەی تۆمارکردووە، کە 3 چامپیۆنزلیگ بەسەریەکەوە بردووەتەوە، زیزۆ دووجار سەرکردایەتی مەشقەکانی مێرینگێی کردووە و ئەگەر ئەمجارەش بگەڕێتەوە دەبێتە سێیەمجار.

زینەدین زیدان ماوەیەکی زۆرە لە کاری راهێنەرایەتی دوورکەوتووەتەوە، چونکە چاوەڕێی دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەڵام ئەو خەونەی نەهاتەدی و یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا بڕیاریدا جارێکی دیکە گرێبەستی دیدی دیشامی راهێنەری هەڵبژاردەکە نوێبکاتەوە، بۆیە زیدان ناتوانێت زیاتر چاوەڕێ بکات و ناچارە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەیەک یان یانەیەکی دیکە وەربگرێت.

بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە لایەن نۆوێل لوگرێی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنساوە سووکایەتی پێکرا و گوتی “من هیچ بایەخ بە زیدان نادەم، با بچێت بۆخۆی یانەیەک یان هەڵبژاردەیەک بدۆزێتەوە”. ئەگەرچی دواتر لوگرێ داوایلێبوردنی لە زیزۆ کرد، بەڵام ئەو هەڵوێستەی لەژێر گوشاری بەرپرسان و ئەستێرەکانی فەرەنسادا بوو، کە رەخنەیان لێگرت و داوایانلێکرد رێز لە ئەفسانەی وڵات بگرێت.

A: zozk

پەیوەندیدار