تۆڕی مافی مرۆڤ: لە ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا، لانیکەم 121 هاونیشتمانیی کورد گیانیان لەدەستداوە

رێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی رابردووی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، لانیکەم 121 هاونیشتمانیی کورد گیانیان لەدەستداوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتێکدا، کە رۆژی 11-01-2023 بڵاویکردەوە، دەڵێت، “ئەو 121 هاونیشتمانییە کوردە لە شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە جیاوازەکانی ئێران بە دەستی هێزە ئەمنی – سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.”

هەندێک لە رێکخراوەکانی دیکەی بواری مافەکانی مرۆڤ ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە زیاتر لەو ژمارەیە لە قەڵەم دەدەن.

کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ رۆژی 10-12-2022 بڵاویکردەوە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەگشتی 147 هاونیشتمانیی کورد لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رۆژی 28-12-2022 رایگەیاند، لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەگشتی 139 خۆپێشاندەر کوژراون.

ناڕەزایەتییەکان رۆژی 17-09-2022 دوای مەرگی ژینا ئەمینی دەستیانپێکرد، ژینا دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە، گیانی لەدەستدا. باوکی ژینا دەڵێت، کچەکەی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.

پەیوەندیدار