پزیشکێك: زۆر خواردنەوەی ئاو مەترسیدارە

دکتۆر ئەحمەد ساڵەیی، پزیشکی نەخۆشییەکانی کوێرەڕژێنەکان و شەکرە رایگه‌یاند، زۆربەی خەڵک نازانن کە زیاد خواردنەوەی ئاو مەترسیدارە و لەوانەیە ببێتە هۆکاری کێشەی تەندروستی زیاتر، هۆشداری ده‌دات له‌وه‌ی زۆر خواردنه‌وه‌ی ئاو لەوانەیە توشی حاڵەتی ژەهراوی بون بە ئاو ببیت.

دکتۆر ئەحمەد ساڵەیی له‌باره‌ی خواردنه‌وه‌ی ئاو نوسیویه‌تی، “کەم خواردنەوەی ئاو لەگەڵ کاتدا کێشەی تەندروستی زۆر لەوانەیە دروست بکات، بەڵام زۆربەی خەڵک نازانن کە زیاد خواردنەوەی ئاو مەترسیدارە و لەوانەیە ببێتە هۆکاری کێشەی تەندروستی زیاتر”.

چەندێک ئاو بخۆینەوە باشە؟


به‌پێی وته‌ی دکتۆر ئەحمەد ساڵەیی، بۆ یەکێک کە کێشی ئاسایی بێت؛ 2.5 تا 3.5 لیتر لە ڕۆژێکدا، هەندێک کەمتر یان زیاتر کێشەیەکی گەورە نییە.

چی ڕودەدات ئەگەر زۆر زیاتر ئاو بخۆیتەوە؟

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ وا بکەیت (بێ ئەوەی جەستەت پێویستی پێ بێت بۆ نمونە بە هۆی کێشەی هۆرمۆنییەوە) ئەوە لەوانەیە توشی حاڵەتی ژەهراوی بون بە ئاو ببیت.

ئه‌و پزیشكه‌ ده‌ڵێت، “ئەمە زیاتر ڕودەدات لەو کەسانەی کێشە و نەخۆشی دەوونیان هەیە، و لەو حاڵەتەدا پێی دەگوترێ (زۆر خواردنەوەی ئاو بەهۆی هۆکاری دەرونییەوە Psychogenic Polydipsia).).

له‌باره‌ی نیشانه‌كانیه‌وه‌، ده‌ڵێت، نیشانەکانی زۆرن، هەر لە بێهێزییەوە، بۆ سەرئێشە، تا پەککەوتنی دڵ، تا گەشکە، و لەوانەیە ئەو کەسە بگاتە مردنی کتوپڕ، به‌گشتی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی ئەو هۆکارە بەتایبەتی زۆر ئاسان نییە.

لەبەر پەیوەندی بە کێشەی دەرونییەوە، دکتۆر ئەحمەد ساڵەیی رونیكردوه‌ته‌وه‌، زانیاری و ئامار لەسەری بە شێوەی پێویست نییە، بەڵام پێویستە بزانرێت کە ئەگەر یەکێک نەخۆشی دەرونیشی نەبێت و ئاو زۆر زۆر بخواتەوە هەر توشی ژەهراوی بون بە ئاو دەبێت، بە کورتی و کوردی، زێدەڕۆیی لە هیچ شتێکدا باش نییە، تەنانەت لە ئاو خواردنیش؛ هەرچەندە ئاو بڕبڕەی پشتی ژیانە.

پەیوەندیدار