بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان داوای یەك هەڵوێستی لە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەكات


سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان داوای یەك هەڵوێستی لە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەكات و جەختیش لەوە دەكاتەوە، پێویستە كارتی سور بەرامبەر بەغدا بەكاربهێنرێت.

لەبەرامبەر بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان كە بەنادەستورەی وەسفی كردبوو، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە لێدوانیكیدا بۆ ئاپۆرانیوز ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە جێگەی سەرسوڕمان نەبووە و پێشی وایە ئەوە سیاسەتێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوی بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان و ئاماژە بەوەش دەكات، بەغدا ناتەبایی لە نێو خۆی هەرێمی كوردستاندا قۆستۆتەوە.

بەڵێن عەبدوڵا دەشڵێت” ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق و سەرجەم بڕیارەكانی ڕابردوشی، هەم لە ڕابردو وە هەم لە ئێستاشدا دیارە سەرچاوەكانی لە سیاسەتێكە وەرگرتوە كە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و نوسینەوەی دەستوری، دەیەوێت هەرێمی كوردتان لەقاڵب بدات، زیاتر لە 50 مادەی دەستوری هەیە كە بەغدا بەرامبەر هەرێم پێشێلی كردوە، بەڵام دەبینین دادگای فیدراڵی بێدەنگە لە ئاستیاندا كەشی كاتێك دێتە سەر هەرێمی كوردستان ئەو كاتە دادگا دێتە دەنگ”.

بە بڕوای سكرتێری زەحمەتكێشان ئەو بڕیارانە بڕیاری سیاسن و جەخت لەوەش دەكاتەوە، كاریگەرە خراپەكانی بەسەر عێراقیشەوە دەمێنێتەوە نەك تەنها هەرێمی كوردستان، دەشڵێت” دەبینین چۆن عێراق لە رووی ئابوری و سیاسی و كۆمەلایەتیشەوە وێران بووە، بۆیە ئەو بڕیارانە لای ئێمە جێگەی سەرسوڕمان نییە كاتێك دۆخی عێراق خۆی بەوشێوەیەبێت، ئەوان شەڕێكی ستراتیجی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن”.

وتیشی”دوای هەڵبژاردنەكان لە عێراق رێكەوتنێكی سیاسی كراوە لەلایەن لایەنی سیاسیەكانەوە و رێكەوتن كراوە لەسەری، یەكێك لە بەندەكان ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم بووە تا ئەو كاتەی یاسای نەوت و غاز لە عێراق كە ماوەی شەش مانگی بۆ دیاری كرابوو دەردەچێت، بەڵام ئەو بڕیارەی داداگای فیدراڵ هەموو رێكەوتنەكانی خستە ژێر پرسیارەوە، چونكە ئێمە چاوەرێی ناردنی شایستە داراییەكان بووین”.

لەبارەی هەڵوێستی حكومەتی هەرێم و نوێنەرانی كورد لە بەغجدا، بەڵێن عەبدوڵا دەڵێت”نوێنەرانی ئێمە لە سەرۆككۆمار و لە وەزیرەكان و لە پەرلەمانتارەكان لە بەغدا چی دەكەن؟ ئەگەر هەڵوێستێكی ڕاشكاوی هاوبەشیان نەبێت، ئەوا عێراق زیاتر دەرفەتەكان دەقۆزێتەوە، بۆیە پێمان وایە كاتی ئەوە هاتوە لایەنە سیاسیەكان بە هاوبەشی هەڵوێستیان هەبێت و تاوەكو ئاستی كشانەوە لە بەشداری حكومەت قسەیان هەبێت”.

هەروەها دەشڵێت”بەغدا ناتەبایی و رێك نەكەوتنی نێو ماڵی هەرێمی كوردستانیان قۆستۆتەوە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسیەكان لە هەرێم و نوێنەرانمان لە بەغدا بەیەك هەڵوێست كارتی سور بەرامبەر بەغدا بەكار بهێنن”.

پەیوەندیدار