کۆڕەو ڕەتکردنەوەی بەکۆمەڵی ژێر دەستەیی بوو.
سی ودووسال لە مەوبەرلە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ جەماوەری باشوری کوردستان وەک پرۆتستۆیەک دژی دوبارە گەڕاندنەوەی بۆ ژێر سایەیی سیستەمی بەعس وفەرمان ڕەوایی صدام حسێن ،
بەتێکڕا کۆچڕەوێکی مێژوویان بۆ سنورەکانی ئێران وتورکیا دەستپێکرد .
کۆڕەوەکە زیاتر لە دوو ملیون و نیو کەس لە هاولاتیانی باشوری کوردستان لە بەهاری ١٩٩١کە زۆرینەی دانیشتوانی ئەوکاتەی باشوری پێک دەهێنا ،ڕووەو تاریکی سنورەکان وچارەنوسێکی نەزانراو.
خەڵکی کوردستان بەتێکڕاو بە جیاوازی دیین و ئایدیاو چین و ڕەگەزەوە بە کۆدەنگی لە ڕیفراندۆمێکی تراژیدیدا بۆ هەمیشە دەسەلاتی داگیر کەری عەرەبی عێراقیان ڕەتکردەوە.
هەر کاریگەریی و کارتێکردنی ئەو رووداوە تراژیدییە بوو، تەنانەت “جۆرج بوش”ی وەها لێکرد بە پەلە “جەیمس بیکەر”ی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بنێرێتە ئۆردوگای ئاوارە کوردەکان، بیکەر لە سەروەختی گەڕانەوەیدا بە زمانێکی غەمگین وتی “ئەوەی من بە چاوی خۆم بینیم زۆر لەوە زیاترە باوەڕی پێبکرێت”. میدیا بیانییەکان وێنای ئەم کۆچڕەوەیان وەک رووداوێکی دەگمەنی سەدەی بیستەم گواستەوە، ئەو وێنایانەی لە رێی تەلەفزیۆنەکانەوە گەیشتنە چاوی هاووڵاتیانی جیهان بە ئەندازەیەک بوو لەوەتی کورد هەبووە و هەیە، هەرگیز ئەوەندە چاوی میدیا و زوومی کامێرای دەستگا و ئاژانسەکانی هەواڵی لەسەر نەبووە، تەنانەت ئەنفال و هەڵەبجە کە بەبڕوای من لەکۆڕەو تراژیدیتر و وروژێنەرتربوون نەیانتوانی بەو ئەندازەیە سۆزی دنیا بەلای خۆیاندا رابکێشن، راستە بە ژێر لێوەکردنی ئەنفال و هەڵەبجە پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی زلهێزەکانەوە هەبوو، بەڵام کۆڕەو، بووە دیاردەیەک ئیدارەی ئەوکاتی ئەمەریکا تووشی شەرمەزارییەکی گەورە کرد، بەوەی جڵەویان بۆ ریژێمی سەدام و هێزە ئاسمانییەکانی بەعس شل کرد، هەتاوەکوو سەرکووتی راپەڕینی گەلانی ئێراق بکات.
بەھۆی کۆڕەوەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری دا کە ڕژێمی عێراق نابێ ھێرشی چەکداری بکاتە سەر گەلی کورد و لە٥ی نیسانی ١٩٩١ (بڕیاری٦٨٨)درا و ھەروەھا بڕیاریش درا ناوچەیەکی ئارام لە سەروی ھێڵی ٣٦ بۆ کورد دابنرێ، ھەروەھا بڕیاردرا بە دانانی ھێزی ھاوپەیمانان لەبنکەی سەربازی (ئەنجەرلیک) لەتورکیا بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان کە ناسرابوون بە (ھێزی چەکوشی ئامادە). ناردنی ھێزی چەکداری بۆ پاراستنی خەڵکی لەکاتی گەڕانەوەیاندا ئەم بڕیارە بووە ھۆی دامەزرانی پەڕلەمانی ھەرێمی کوردستان لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٤ی تەممووزی ١٩٩٢.
تێکۆشەرە دێرینەکانی حزبی
زەحمەتکێشانی کوردســــتان
٣١ ئازاری ٢٠٢٣




