ئاكۆ ئاكۆیی نوسەری كتێبی مێژووی خۆڕاگری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان : هیچ بەشێكی ئەم كتێبە بێ بەڵگە و دیكۆمێنت و سەرچاوەی مێژوویی نەنووسراوە

مێژووی حزب و لایەنەكانی باشوری كوردستان لەدوای تەواو بوونی شۆڕشی ئەیلول و دەست پێكردنی خەباتی تازەی چەكداری و سیاسی، تەژییە لە روداوو بەسەرهات و دژبەیەكی سیاسی و ئۆرگانی، ئەم مێژووییە لەناوەوەی خۆی دەیان پارچەو رەنگ‌و شێوەی هەیە، دەكرێت هەر یەكەو لە گۆشەیەكی خۆیەوە خوێندنەوەی بۆ بكات. ئەم ماوەیە لە مێژووی كورد پڕیەتی لە هەڵكشان و داكشانی سیاسی و نەتەوەیی. بۆیە كاتێك كتێبێك یان لێكۆڵینەوەیەك لەسەر ئەم مێژووە دەنوسرێ، دەیان پرسیاری جۆراوجۆر لای خوێنەرەكانی دروست دەكات.
لەم وێستگەیەدا لەسەر كتێبێك دەوەستین‌و هەوڵ دەدەین چەند لایەنێكی دیكەی بخەینەڕوو، خودی نوسەرەكەی یەكێك بووە لە كارەكتەرەكانی ناو روداوەكان و خۆی روداوەكانی بینیون، نەوەكو لەخەڵكی دیكەی وەرگرتبێت. ئاكۆ ئاكۆیی نوسەرو ئامادەكاری كتێبی( مێژووی خۆڕاگری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان) لەم دیمانەیەی ئێستانیوز لەسەر ئەم پرسانەی باسمان كرد، قسە بۆ خوێنەرانی كتێیەكەی دەكات.

ئێستانیوز :ئایا ئەو ئاستەنگانە چی بوون کە لە کاتی نووسین و ئامادەکردنی ئەو کتێبە بۆت درووست بوون

ئاكۆ ئاكۆیی : هەڵبەتە نووسین و ئامادەكردنی كتێبێكی مێژوویی كارێكی ئەوەندە ئاسان نیە و گرانە، بۆ! چوونكە نووسینەوەی مێژوو ئەمانەتە، هەروا كەسانێك مێژوو دەنووسنەوە دەبێت لەم بوارەدا گەر پسپۆڕیش نەبن، بەلای كەمی دەبێت زانیاریێكیان لەم بوارەدا هەبێت، چوونكە جگە لەوەی نووسینەوەی مێژوو ئەمانەتە هەروا زانستیشە، بۆ كەسێكی وەك من كە كەسێكی ئەكادیمی نیم و لەوانەیە كەمێك زانیاریم لە بارەی مێژوو و نووسینەوە و تۆماركردنیم هەبێت، بۆیە بۆمن ئەم كارە گران بوو جۆرێكیش بوو لە ئاستەنگ، هەندێ بابەت و ڕووداوی پەیوەست بە مێژووی ئەم حزبە هەبوو وەك پێویست نەمتوانی كاری لەسەر بكەم چوونكە بەڵگە و دیكۆمێنتم لەبەر دەست نەبوون تا بتوانم ساخیكەمەوە و تۆماری بكەم، زۆر لایەنی تری مێژووی حزبی زەحمەتكێشان هەیە حەزم دەكرد و پێویست و گرنگ بوو كاری لەسەر بكەم و بكەوێتە نێو ئەم كتێبە ئەوەشیان بۆم نەكرا، بە شێوەیەكی گشتی هەندێ ئاستەنگ هەبوون، بەڵام توانیم بە پشوو درێژی و كات ئاستەنگەكان كەم كەمەوە و نەهێڵم ببنە ڕێگریێكی ئەوەتۆ كە بم وەستێنێ.

ئێستانیوز :وەک دەزانرێت نووسینەوەی مێژوو ئەمانەتە چەندە توانیوتە دەست بەو ئەمانەتەوە بگریت


ئاكۆ ئاكۆیی : بەڵێ ڕاستە نووسینەوەی مێژوو ئەمانەتە، هەروا بەرپرسیاریەتییشە، جا ئەوە دەكەوێتە سەر نووسەر، ئایا تا چەند ئەم ئەمانەتەی بە ڕاستگۆیانە گەیاندووە؟ نووسینەوەی مێژوو پێوستی بە دیكۆمێنت و بەڵگەنامە هەیە، دیكۆمێنت و بەڵگەنامە دەبنە گەواهی دەرێك بۆ ڕاستی و دروستی ڕووداوەكانی ناو مێژوو، هەر ئەمەشە ئەمانەتی مێژوو وەكو خۆی دەگەینێ، نووسەر لە كاتی نووسینەوە و ئامادەكردنی بابەتێكی مێژوویی دەكەوێتە بەردەم بەرپرسیاریەتی و ڕەوشت و ویژدان، تا ڕادەیەكی باش تووانیومە لە نووسینەوە و ئامادەكردنی ئەم كتێبە بگەڕێمەوە بۆ دیكۆمێنت و بڵاوكراوەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بۆ زۆربەی ڕووداو و زانیاریەكان بەڵگەم هێناونەتەوە، هیچ بەشێكی ئەم كتێبە بێ بەڵگە و دیكۆمێنت و سەرچاوەی مێژوویی نەنووسراوە، زۆربەی بەڵگەنامەكانیش ئەوانەی كە بایەخێكیان بۆ ئەم كتێبە هەیە لە بەشی دیكۆمێنت و بەڵگەنامەكان چاپكراوە، ئەوە نزیكەی شەش مانگە ئەم كتێبە چاپكراوە و بڵاوبۆتەوە، چەندین كەسی ئەكادیمیست و مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی مێژوو و ئەو كەسانەی مێژووی خەبات و تێكۆشانی سیاسی و پێشمەرگایەتیان بەشێكە لە مێژووی نێو ئەم كتێبە پەیوەندیان كردووە و دەستخۆشانەیان كردووە، تا ئێستا تێبینی و ڕخنەیەكی جددی لەسەر ئەم كتێبە نەدراوە، مانای ئەوەش نیە ئەم كتێبە بێ كەم و كورتی نیە، لە پێشەكیەكەیدا ئاماژەم پێداوە كە ئەم كتێبە بەدەر نیە لە كەم و كورتی.

ئێستانیوز :وەک زانیومانە پڕۆژەی دیکەی نووسینت هەیە ئایا دەکرێت بزانین ئەو پڕۆژەیە چیە؟


ئاكۆ ئاكۆیی : پڕۆژەی سێ كتێبمان لەبەر دەستە، یەكیان كۆبەرهەمی شەهید هەژار دێدەوانیە لەگەڵ هاوڕێی خۆشەویست شێخ هەندرێن كارمان لەسەر كردووە و لە چاپخانەیە لە ناوەڕاستی مانگی ئایار چاپدەكرێت، كتێبێكی تریشمان ئامادەبوو كە تایبەت بوو بە ژینگەی پێشمەرگە دێرینەكان بە ناونیشانی (چیڕۆكێكی تر بۆ وێنەی پێشمەرگە دێرینەكان)، بە داخەوە هاردی كۆمپیوتەرەكەم سووتا و پڕۆژەی ئەم كتێبە تیا چوو، وا خەریكم جارێكی تر كاری لەسەر دەكەمەوە چوونكە سەدا حەفتای نووسینەكەم لەبەر دەستدایە، سێیەمیان كار لەسەر لە چاپدانەوەی گۆڤاری (پێشكەوتن) دەكەین كە كۆڤارێكی سەردەمی شاخ بوو بەشی ڕاگەیاندنی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەریدەكرد.

سازدانی دیمانە : بێستون لەتیف

پەیوەندیدار