بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدیە : ئاوی دەریاچەی حەمرین %80 کەمیکردووە

بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدییە ڕایگەیاند، گەورەترین دەریاچەی دیالە بەرەوە وشكبوونی تەواوەتی دەڕوات. دەشڵێت: “دەریاچەی حەمرین بەراورد بە ساڵی 2019، بە نزیكەی %80 كەمیكردووە”.

لەمبارەیەوە ئەحمەد زەركوشی، بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدییە بە میدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاند: “دەریاچەی حەمرین كە گەورەترین دەریاچەی دیالەیە، بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەك بەرەو بیابانبوون دەڕوات، بەراورد بە ساڵی 20199 بە نزیكەی %80 كەمیكردووە”.

وتویەتیشی : دەوروبەری دەریاچەی حەمرین بیابانییە، ئاوەكەش لە شوێنێكی زۆر بچوكدا چڕبووەتەوە، كە تەنها ماسیگرەكان ناوبەناو دەتوانن پێی بگەن، هەروەها بارانبارین لە وەرزی زستاندا ئاستی ئاوی دەریاچەكەی زیادكردووە، بەڵام بە ئەو ئاستە نەبووە، كە دەریاچەكە ببوژێنێتەوە”.

دەریاچەی حەمرین گەورەترین دەریاچەی ڕۆژهەڵاتی عێراقە و توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 2 ملیار و 400 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، دەكەوێتە سەر ڕوباری دیالە.

عێراق لە چەند ساڵی ڕابردودا بەهۆی كەمیی ڕێژەی بارانبارین ڕوبەڕوی قەیرانی وشكەساڵی بووەتەوە، هەروەها بەرنەدانەوەی پشكی ئاوی عێراق لەلایەن تورکیاوە كاریگەریی قەیرانی وشكەساڵیی زیاتر کردووە.

پەیوەندیدار