کەنەکە ئەنجام نامەی کۆتایی دیداری لۆزانی ڕاگەیاند

ئەنجامنامەی کۆتایی دیداری لۆزان لە شاری سلێمانی لەلایەن کەنەکەوە خرایەڕوو، تێیدا جەخت لە یەکێتیی و یەکگرتوویی کورد لە ناوخۆ و کارکردن لەسەر دیپلۆماسییەتێکی نیشتمانیی و ستراتیژییەتێکی نەتەوەیی لە تاراوگەدا کرایەوە.

ئەمڕۆ لە هۆڵی ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی، لەژێر ناونیشانی” لە سەد ساڵەی لۆزاندا کورد پێکەوەژیان دەکاتە چارەسەر، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا” بەڕێوەچوو، تێیدا دوو پانێڵ پێشکەشکرا، لە کۆتایی دیدارەکەدا لە لایەن د. شێرکۆ حەمە ئەمین’ـەوە ئەنجامنامەی دیدارەکە خوێنرایەوە و بە چەند خاڵێک بەرەوپێشبردنی پرسی کورد لەبەرامبەر لۆزاندا دەستنیشان کرا.

د. شێرکۆ حەمە ئەمین، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی- کەنەکە، ئەنجامنامەکانی خستەڕوو وتی: لەو دیدارەی کە لە مانگی داهاتوو لە شاری لۆزان بەڕێوەدەچێت، کۆمەڵێک خاڵ وەک ستراتیژێک بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی کورد دەخەینە ڕوو، یەکێک لەو خاڵانەی زۆر جەختمان لەسەر کردووەتەوە، بابەتی یەکبوونی ناوخۆییە، گۆڕینی ئەو وێنەیە کە وانیشان دەدات کورد ناتوانێت یەکگرتوو بێت و خۆی بەڕێوەبەرێت، ئەمەش لەڕێی یەکگرتووی و دانانی ستراتیژێکی هاوبەش لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکاندا.

درێژەی بە خستنەڕووی خاڵەکاندا و ئاماژەی بەوەدا، یەکێکی تر لەو خاڵانەی پێویستە کاری لەسەر بکرێت پێکەوە ژیانە لە ناوچەکەدا، لەپاڵ ئەوەشدا کار لەسەر دیبلۆماسییەتێکی کوردیی و ستراتیژیەتێکی نەتەوەیی بکرێت لە تاراوگەدا، هەروەها جەخت لەسەر پاراستنی قەوارەی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و هەموو ئەو ناوچە کوردییانە دەکەینەوە کە جۆرێک لە دیفاکتۆیان هەیە.

ئەنجامنامەی دیداری لۆزان بە پێویستی دەزانێت، لۆبییەک لەگەڵ هەموو ئەو گەلانەی دیکەدا بکرێت، کە هاوشێوەی کورد زەرەدمەند بوون لە پەیماننامەی لۆزان، هەروەها کار لەسەر ئەوەبکرێت کە ئەو ئەقڵییەتی ئینکاری کردن لە کورد لەلایەن نەتەوە سەردەستەکانەوە، بگۆڕدرێت بۆ پێکەوەژیان، باسلەوەش بکرێت کە کورد چۆن دەتوانێت ببێتە جەمسەربەندیی وڵاتە زلهێزەکان لە ڕێی ئابووری، هێز و کەلتوورەوە.

هەروەها، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی ئاشتییانەی دۆزی ڕەوای کورد کرایەوە، لە تورکیا و ئێران و سوریاش، بە ئومێدن ئێستایەکی باشتر بۆ کورد بەرهەمبهێنن لە یادی ١٠٠ ساڵەی لۆزاندا.

شایەنی ئاماژەیە وەفدێکی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەشداریان لەو دیدارەدا کرد، وەفدی زەحمەتکێشان بریتی بون لەهاورێیان بێکەس قادر و هیوا سەید سەلیم ئەندامانی م.س و ئەحمەد خدر بەرپرسی لقی سلێمانی و بەختیار مستەفا بەرپرسی راگەیاندن و نەبەز جەمال گارگێری لقی سلێمانی.

پەیوەندیدار