وەزارەتی پلاندانانی عێراق : ڕێژەی بێ كاری لەبەرزبوونەوەدایە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دەستپێکردنی پرۆسەی رووپێویی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی لە پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان راگەیاند.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەچوارچێوەی پرۆسەکەدا، تیمەکانی سەربە دەزگای ناوەندیی ئامار سەردانی ئەو خێزانانە دەکەن کە رووپێوییەکە دەیانگرێتەوە.
راشیگەیاندووە کە ئامانج لە پرۆسەکە، کۆکردنەوەی زانیارییە لەبارەی رێژەی ھەژاری، ئاستی بژێوی و رەوشی خزمەتگوازرییەکان.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق داوای لەو خێزانانەی کە رووپێوییەکە دەیانگرێتەوە کردووە، ھاوکاری توێژەران بکەن لە پێدانی داتای دروست، ئەوەیش لە پێناو داڕشتنی پلانێک بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ھەژاری و باشترکردنی رەوشی خزمەتگوزارییەکان.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دوایین پرۆسەی رووپێویی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەنجام دا.
بڕیاربوو لە ساڵی ٢٠٢٠دا، پرۆسەی رووپێویی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ دواخرا.
لە ساڵی ٢٠٢٢یشدا، بەھۆی نەبوونی بوودجەی پێویست پرۆسەکە ئەنجام نەدرا.
بەپێی دوایین ئامار کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بڵاوکرابوویەوە، رێژەی ھەژاری لە عێراق گەیشتووەتە سەدا ٢٥ و رێژەی بێکاریش گەیشتووتەوە سەدا ١٥.

پەیوەندیدار