ئازاری شان و قۆڵ یەکێکە لەھەرە بێزارکەرترین ئازارەکانی لەش ، ئازاری شان بێت یان بازوو و قۆڵەکان یان مەچەک و دەست و پەنجەکان بێت.ھۆکار زۆرە بۆ دروستبوونی ئەم ئازارانە، وەبەپێی ھۆکارەکەی نیشانەکانی ئەگۆڕێت، بۆیە پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان جۆرەکانی قۆڵ ئێشە بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاووەرگرین بۆی لەژێر ڕێنمایی پزیشک دا.ھۆکارەکانی :
1-شێوازی بەکارھێنانی ھەڵەو خووی ڕۆژانەی ھەڵە :- ھەڵگرتنی شتی قورس:خراپ ھەڵگرتنی شتی قورس ، ئەویش بە بەکارھێنانی تەنیا یەک قۆڵ ، ڕێگای ھەڵگرتنی ھەڵە زۆر جار ئازار دروست دەکات لە ئێسکدا ، لەبەرئەوە ھەڵگرتنی شتی قورس بەھەردوو پەلی سەرەوە باشترە ، جگە لەوەی ئەبێت بە دەستەکان ھەڵبگیرێت نەک ھەڵبواسرێت بە قۆڵەوە.- شێوازی ھەڵە و جوڵەی ھەڵە لەکاتی کاردا:زۆربەی زۆرمان لەکاتی کاردا دەستەکانمان بەکار دێنین ، لەکاتی کاری وەک ئیش کردن لەسەر کۆمبیوتەر یاخود نووسین لەسەر کاغەز، بەڵام شێوازی دانانی تەندروستی قۆڵ و دەست زۆر گرنگە، بۆیە گرنگە ھەر ١٥ چرکە جارێک شێوازی دانانی قۆڵت بگۆڕیت و وەرزش بکەیت بە پەنجەکانی دەستت .- شێوازی ئۆتۆمبیل لێخوڕین :لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ماوەیەکی زۆر و لەگەڵ مانەوە لەسەر یەک شێوازی دانانی قۆڵ و دەستەکان بۆ ماوەیەکی زۆر و بەرزکردنەوەو ڕاکێشانیان ئازار دروست دەبێت ، بۆیە دەبێت زوو زوو دەست و باسک و بازووت بجوڵێنیت و وەرزشی پێ بکەیت .
شێوازی نووستنی ھەڵە :ھەندێ کەس لەسەر قۆڵێکیان دەنوون ، یاخود بەشێوەیەکی ناتەندروست ئەینوشتێننەوە ، وەلەوانەیە بەو شێوەیە ئاسوودەبن لەنوستنەکەیاندا ، بەڵام ئەمە زیان دروست ئەکات بۆ داھاتوو کەئەو ماسولکانە عەزێتیان دەبێت و ئازار دروست دەکات .
2-ئازار لە قۆڵەکان بەھۆی ھۆکاری نەخۆشیەوە:بڕێکجار ئازاری شان وقۆڵ بەھۆی ھەبوونی نەخۆشیەکەوە دروست دەبێت کە باوترینیان ئەمانەن :- کارپاڵ تونیل سیندرۆم یاخود گیرانی دەماری ناوەڕاستی دەست:بەھۆی بوونی فشار لەسەر ئەو دەمارەی کە دەچێت بۆ دەستەکان و ناوی (median nerve) ە ، سڕی و ئازار دروست دەبێت لە پەنجەکان دا ، ھەروەھا ھەندێ جار دەچێت بۆ دەست و قۆڵەکان.زۆربەی جار بەھۆی بەکارھێنانی زۆری دەستە توشبۆکە لەکاتی کاردا و مستەکۆڵەی بەھێز یاخود بەکارھێنانی زۆری کۆمبیوتەر و مۆبایل دروست دەبێت ، بۆیە پشوودان بە دەستەکان گرنگە و لەگەڵیدا وەرزشی تایبەت و ھەروەھا بەپێی ئەو ڕێنماییانەی پزیشکی پسپۆڕ دای ئەنێن بۆ ئەوەی نەشتەرگەری پێویست نەبێت. – نەخۆشییەکانی دڵ یاخود جەڵتەی دڵ: ھەندێک جار شان و قۆڵ ئێشە لەوانەیە نیشانە بێت بۆ ڕوودانی جەڵتەی دڵ، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵیدا ئازاری سەرسنگ ھەبوو، بۆیە پێویستە بە خێرایی ڕای پزیشکی پسپۆڕ وەرگیرێت و لەگەڵیشیدا لەوانەیە ھەناسە تووندی و ڕشانەوەو دڵتێکەڵھاتن و سەرگێژخواردن، عارەق کردنەوەو ھەرس نەکردنی خواردن و لێدانی خێرای دڵی لەگەڵ دا بێت.- ھەوکردنی ژێی ماسولکەکانی قۆڵ و شان:بەھۆی ھەڵگرتنی شتومەکی قورس و لابردنی کەل و پەلی قورس ، ھەندێ جار ماسولکەکان ھیلاک و شەکەت دەبن ، دەبنە ھۆی دروست بوونی کلس لە بەستەر و ژێی ماسولکەکان یاخود ھەوکردن لە ماسولکەکاندا ، ناسینەوەی ئەم جۆرە ئاسانە چونکە بە دەست لێدان و جوڵانی ماسولکەکان ئازار دروست دەبێت ، دەتوانرێت تەنیا بە بەکارھێنانی کریم و جێڵی تایبەت و مەساج کردن بە زەیتی زەیتوون یاخود زەیتی نەعنا ئەمە چارەسەر کرێت کە دژە ھەوکردنیان تیادایەو ھەوکردنەکە ناھێڵن ، ھەروەھا پشودان و وەرزش کردن و دوور کەوتنەوە لە ھەڵگرتنی شتی قورس بەتەنیا یاخود بە یەک دەست.- ئازار و ھەوکردن لە مل دا و کێشەی بڕبڕەکانی مل:ھەندێ جار بوونی کێشەیەک لە مل دا دەبێتە ھۆی ئازار لە شان و قۆڵ دا ، و سڕبوون و دەرزی ئاژەنین لە پەنجەکان دا ، لەبەرئەوەی ئاو دەمارانەی لە بڕبڕەکانی ملەوە دەرئەچن ھەمان دەمار دێن بۆ قۆڵ و دەستەکان ، بوونی ھەر فشارێک لەسەر ئەم دەمارانە ، ئایە بەھۆی ئینزلاقی دیسکەوە بێت یاخود داخورانی جومگەی فاسیت بێت لە مل دا ، دەبنە ھۆی دروست بوونی ئازار ، ھەندێ جار فشار لەسەر دڕکە پەتک ئازاری توند دروست دەکات لە قۆڵەکان دا.شێوازی نووستنی ھەڵە و دانیشتنی بەردەوام بەشێوەیەک بۆ ماوەیەکی زۆر ، و فشاری باری دەروونی ئەمانە ھەمووی دەبنە ھۆی ھەوکردنی دەمارەکانی مل کە کاریگەری ھەیە لەسەر قۆڵ و پشتیش.بەگشتی ھەر فشار و ھەوکردنێک لە دەماری مل ، شان و مەچەک یاخود ژێی ماسولکەکانی شان و دەست ئازار دروست دەکات لەھە موو قۆڵەکەدا
ههڤین کهمال شاه محمد
پسپۆڕ له زانستی ئازار و بهنج
شارهزا له چارهسهری فهقهرات و نهخۆشی جومگهکان بێ نهشتهرگهری
ئهندامی پڕۆڤیشناڵی ئهکادیمیایی ئهمریکی بۆ ئازار شکاندن