ھاوسەرۆکی پەیەدە دەڵێت، تورکیا لەرێگەی کردنەوەی دەیان بنکەی سەربازی و دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەوە، کار بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ تورکمانەکان لە باکور و رۆژھەڵاتی سوریا دەکات.
ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بە میدیای نزیک لە ئیدارەی خۆسەری راگەیاند، تورکیا لە ئێستادا کار لەسەر نەخشەیەکی تایبەت بە تورکمان دەکات و دەیەوێت دەوڵەتێکیان لە باکور و رۆژھەڵاتی سوریا بۆ دروست بکات، بۆیەش لەو ناوچانە چەندین بنکەی راھێنانی بۆ چەکدارکردنی خەڵک کردووەتەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، حکومەتی سوریا ناتوانێت و کاریش بۆ ئەوە ناکات ھێزەکانی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی بکاتەدەرەوە چونکە لەژێر کاریگەری سیاسەتی وڵاتانی وەک روسیا و ئێرانە، ئەو دوو وڵاتەش بەرژەوەندییان لەگەڵ تورکیا ھەیە و کار بۆ ئەوە ناکان ئەنقەرە ھێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە. بۆیە بابەتەکە ئاڵۆزە و تەنھا بە یەکێتی ناوخۆیی و تێکۆشانی بەردەوام بەدیدەھێنرێت.
ھاوسەرۆکی پەیەدە وتیشی، لێدوانەکەی سەرۆکی سوریا کە کشانەوەی تورکیای کردووە بە مەرج بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان، لێدوانێکە و باوەڕی وایە دیمەشق ھێز و توانای ئەوەی نییە بە تەنھا سوپای تورکیا پابەندی کشانەوە بکات.