سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، نزیکین لە کشاندنەوەی باڵیۆزی وڵاتەکەمان لە نەیجەر و لە چەند مانگی داهاتووشدا سەربازەکانمان لەو وڵاتە دەکشێنینەوە، ئەوەش دوای کودەتاکەی ئەو وڵاتە و لادانی سەرۆکی هەڵبژێردراو.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی یەکشەممە 24ـی ئەیلوولی 2023، لەبارەی باڵیۆز و هێزەکانیان لە نەیجەر رایگەیاند “فەرەنسا بڕیاریداوە باڵیۆزەکەی بکشێنێتەوە. لە چەند کاژێری داهاتوودا باڵیۆز و ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارەکانمان دەگەڕێنەوە فەرەنسا.”
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، هاریکاریی سەربازی نێوان وڵاتەکەی و نەیجەر “کۆتاییهات.
وتیشی “لە چەند مانگ و هەفتەیەکی داهاتوودا” هێزەکانی وڵاتەکەی لە نەیجەر دەکشێنەوە.
گرژییەکانی نێوان ئەنجوومەنی سەربازی نەیجەر و فەرەنسا دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە رۆژی 26-7-2023 سوپای نەیجەر کودەتای بەسەر سەرۆکی وڵاتدا کرد و لە دەسەڵات دووری خستەوە.