توركیا بەردەوامە لە دەستدرێژییەكانی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، ئێستا بە سیاسەتێكی دوژمنكارانەی بەرفرەوان ئەزموونی ڕۆژئاوای كوردستان و خەڵكی سڤیل و ژێرخانی دەڤەرەكەی بە ئامانج گرتووە و بە تۆپ و فڕۆكە و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشەكەی بەردەوام و فراوانتر كردووە، كە چەندین كەس لە خەڵكی مەدەنی و بێ گوناح شەهید و بریندار بووینە، ئەو دەستدرێژكاریەی توركیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە .
وێڕای ئەوەی بەتووندی ئیدانەی ئەو دەستدرێژكاریەی توركیا دەكەین، هاوكات داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییە بەردەوامانە و سیاسەتی داگیركاریی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دابنێن و پێشی پێ بگرن، كە پێچەوانەی یاسا و ڕێسا و بنەما نێودەوڵەتییەكانە و بووەتە هۆی مەترسییەكی گەورە بۆ سەر ناوچەكە.
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی و درككردن بە هەستیاری ڕەوشەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژكاریی توركیا و ئاڵنگاریەكانی قۆناخەكە جەخت لەسەر پێویستیی پتەوكردنی یەكڕیزیی كوردستانی دەكاتەوە و داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات، بە یەكێتی و یەكدەنگی وەڵامی پیلانی دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان بدەینەوە .
درود بۆ گیانی قوربانیانی تاوانی بۆردومانكردنی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.
مەكتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
7ی تشرینی یەكەمی 2023