سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت لە پێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان ئامادەیە لەگەڵ سەرۆکی چین کۆببێتەوە.
دوای ئەوەی میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و شی جین بینگ سەرۆکی چین لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لوتکەی کۆڕبەندی ھاوکاری ئابووری وڵاتانی ئاسیا-زەریای ھێمن کە بە ئاپیک ناسراوە کۆدەبنەوە، کە بڕیارە لەناوەڕاستی مانگی داھاتوو لە سان فرانسیسکۆ بەڕێوەبچێت، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ریگەیاند، تائێستا کۆبوونەوەیەکی لەو جۆرە بە تەواوی رێک نەخراوە و یەکلایی نەبووەتەوە، چونکە دڵنیا نین سەرۆکی چین بەشداری ئەو کۆڕبەندە دەکات یان نا.
وتیشی، پێشتر وتویەتی و ئێستاش ھەمان ھەڵوێستی ھەیە کە لە پێناوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین، ئامادەیە لەگەڵ سەرۆکی چین کۆببێتەوە.