هەڵویستی هاوبەشی لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ڕەوشی سیاسی

لە ئاکامی لێکدانەوەی هاوبەشی هەر سێ لایەنی لێژنەی کاری چەپی کوردستان، سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ڕەوشی سیاسی لە ناوچەکە بە گشتی و عێراق و کوردستان بە تایبەتی، ئەم خاڵانەی خوارەوە دید و بۆچوونی هاوبەشمانە کە بەردەوامی خوێندنەوەکانی پێشترە و، لە گوتاری سیاسی و بەرنامە و کاری هاوبەش ڕەنگیداوەتەوە . لەم روانگەوە لە درێژەی هەوڵەکانمان بە ئامانجی بنیاتنانی هەڵوێستی هاوبەشی حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەسەر بنەما و بە پشتبەستن بە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافەکانی لەم ڕەوشە ئاڵۆز و دژوارەدا، ڕای خۆمان بۆ ڕای گشتی و هێزە سیاسیەکان دەیخەینە ڕوو:
یەکەم ــ بەردەوامبوونی شاڵاوی ناوەند دژ بە هەرێمی کوردستان.
دەسەڵاتدارانی عێڕاق و حوکمرانەکانی دەوڵەتە دراوسێکان، بوونی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بە شێوازی هەرێمێکی فیدڕاڵی بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەزانن، پێیان وایە بوون و بەردەوامبوونی ئەو ئەزموونە هاندەرێکە بۆ تێکۆشانی گەلی کوردستان بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان.
دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، پەسندکردنی دەستور لە لایەن گەلانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥، تا ئەم کاتە سەرجەم کابینەکانی حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی عێراق، پابەند نەبوون بە بنەماکانی دەستوور و ڕێکەوتنەکانی نێوان عێراق و هەرێم، بەهەمان سیاسەت و بیرکردنەوەی ڕابردوو مامەڵەیان بەرامبەر هەرێم کردووە.
لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١، دوای ئاڵۆزی و ململانێیەکی زۆر لایەنە سیاسییەکانی عێراق، لەسەرجەم پێکهاتەکان لەچوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر بەرنامەیەکی سیاسی ڕێکەوتن و لەسەر بنەمای ئەم ڕێکەوتنە سیاسیە، کابینەی حکومەت بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی پێکهات. پاشان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا ڕێکەوتنیان واژۆکرد، بەڵام لایەنە سیاسیەکانی نێو ئیدارەی دەوڵەت رێکەوتنەکانیان پشتگوێخست و پێشێلیان کرد.
بڕیاری لێژنەی تەحکیم لە پاریس سەبارەت بە نەوت و قایلبوونی حکومەتی هەرێم و پەسنکردنی یاسای بودجە بەو گرفتانەی کە تیایدایەو بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی دادگای ئیتحادی عێڕاق وەک زەمینەیەکی گونجاو بۆ لاوازکردنی دەسەڵات و شکۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکارهێنرا بە شێوەیەکی کردەیی هەرێمی کوردستان بێ پەرلەمان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکومەتەکەی کاربەرێکەرە و، لەوەش زیاتر خودی یاسای بودجە لە جێبەجێکردندا لێکدانەوەی دیکەی لەلایەن دەسەڵات لە بەغداوە بۆ کرا و، کار گەیشتە ناردنی بەشێک لە پشکی هەرێمی کوردستان وەک قەرز، کە ئەمەش گرفتی ژیانی بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان دروست کردوە. ئەم ڕەوشە هاوکاتە لەگەڵ هەناردەنەکردنەوەی نەوتی کوردستان، بە پلەی یەکەم هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی بۆ بڕیاری سیاسی عێڕاق و هۆکاری دووەمیش بۆ هەڵوێستی تورکیا دەگەڕێتەوە.
تیکڕای ئەم سیاسەتە کە بەشێوەیەکی نەخشە بۆ کێشراو ئەنجام دەدرێت بەشێکە لە کارکردن بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کە پێچەوانەی دەستووری عێراقە.

دووەم ـ چارەنووسی پرۆسەی سیاسی لە عێڕاقدا
ئەم ڕەوشە سیاسیە ئاڵۆزەی ئاماژەمان پێکرد بۆ کۆمەڵێک هۆکاری هەمەجۆر دەگەڕێتەوە، کە ڕاستەخۆ پەیوندییان بە چارەنووسی پرۆسەی سیاسی لە عێڕاقدا هەیە، لەوانە باوەڕنەبوون بە چەمکی فیدراڵی و کارکردن بە گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی ناوەندی ڕەها. ئەم ئاراستەیە لەلایەن (دەوڵەتی قووڵەوە) لە عێڕاقدا بە بڕیاری دەرەکی ئەنجام دەدرێت، لە سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق و دادگای ئیتحادی و کاری تەکنیکی حکومەتی بەغدا ڕەنگی داوەتەوەو پرسیاری لەسەر بوون و شوناسی ئەم پرۆسە سیاسسیە لە عێڕاقدا درووست دەکات، کە گوایە لەسەر بنەمای توافق و شەراکەت و هاوسەنگییە!
ئەم پرۆسە سیاسییەی، کە لە 2003وە لە عێڕاقدا دەستی پێکردوە گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز لە نێوان لە لایەنە عێڕاقییەکان بە سوننە و شیعەوە بەرامبەر هێزی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان درووست کرد، بەشێکی ئەو لاسەنگییە بۆ هەڵوێستی نوێنەرانی هێزە کوردستانییەکان لە بەغدا دەگەڕێتەوە، کە نەک تەنها خاوەنی هەڵوێست و گوتاری یەکگرتوو نین، بەڵکو بە توندی ناکۆکن و ململانییەکانیان لە بەغدا ئەنجام دەدەن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و هەژموونیان بەسەر هێزەسیاسیەکانەوە.

سێیەم ــ ئاڵۆزی ڕەوشی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان
بە هۆی دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی چەندین مانگ ڕەوشی ژیانی خەڵک ئێجگار دژوارە، گومان لەوەدا نییە، کە ئەم بابەتە فشاری سیاسی و سزای ئابووری و کارکردنە بۆ گەڕانەوەی دەوڵەتی ناوەندی ڕەها لە عێڕاقدا، لە ڕێگای نابووتکردنی چەمکی فیدڕاڵی و بەکارهێنانی قوتی خەلک لە ململانێی سیاسی. پێشتر ڕژێمی دیکتاتۆری لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 بە شێوەی ئابلوقەی ئابووری لەسەر ناوچە رزگارکراوەکاندا بەکاری هێنا، لە هەمان کاتدا ئەم ڕەوشە ئابوورییە لە ئاستی ناوخۆییدا ئاکامێکی لۆجیکی سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمە، کە تا ئێستا ئامادەنییە پێداچوونەوەیەک بکات بە سیاسەتەکانی لە بواری ئابوری و پاکتاوکردنی کەرتی گشتی و واڵاکردنی سەرجەم چالاکی ئابوری لە بواری بەرهەمهێنان بە خزمەتگوزاری گشتییەوە بۆ کەرتی تایبەت، کە لەلایەن کۆمپانیاکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە قورخکراوە. ئەم سیاسەتە لە بواری ئابوری هاوکاتە لەگەڵ نەبوونی چاکسازی سیاسی و کارانەبوونی دەسەڵاتەکان و لاوازی دەسەڵاتی دادوەری و نەبوونی بنەماکانی حوکمرانی باش و پێشێلکردنی ئازادییەکان و زیادبوونی ڕێژەی تاوان و پاشگەزبوونەوە لە هەندێ ئاراستەی مەدەنی تایبەت بە مافەکانی ژنان.


بە لەبەرچاوگرتنی هەردوو هۆکار و ئاراستە، کە یەکەمیان هەنگاوەکانی حکومەتی عێڕاق و پیلانە هەرێمایەتیەکانە، دووەمیان سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ئاماژەمان پێکردن، پێمان وایە مەبەست لە ئاراستەی یەکەم پەرپاکردنی شەڕە لە ڕێگای قوتی ڕۆژانەی خەڵک و فەرمانبەر و موچەخۆرانەوە، کە وەک بارمتە بەکاردێت لەم شەڕەدا ، بە ئامانجی بێئومێدکردن و بێمتمانەیی بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و باوەڕنەبوون بە مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی و بایەخنەدان بە پاراستنی دەسەڵاتەکانی دەستووری هەرێمی کوردستان و نمایشکردنی شێوازی تایفەگەریی و نامەدەنی حوکمرانی و دەسەڵات لە بەغدا وەک فریادڕەس، دەخرێتە ڕوو.
سەبارەت بە ئاراستەی دووەم لە دابینکردنی ژیانی شیاو و پڕ کەرامەت بۆ خەڵکی کوردستان بەرپرسیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە دەبێ بە پلەی یەکەم خەمخۆری دابینکردنی قوت و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵک بێت.

چوارەم ــ شەڕو پێکدادان و بارگرژی ناوچەکە و کارتێکردنی لەسەر ڕەوشی کوردستان.
هەڵگیرساندنی شەڕی نێوان حەماس و حکومەتی ئیسرائیل، جگە لەوەی پەیوەندی بە کات و شوناسی ئەم شەڕەوە هەیە، ناکرێ دوور لە ڕەوشی سیاسی ناوچەکە و ململانێی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی تەماشا بکرێت. لەم ڕەوشە ناهەموارەدا، کە دەکرێ بڵێین ڕەوشێکی شێتانە و ناعەقلانییە و لەگەڵ بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکەدا ناگونجێ، لە ڕێگای گوتاری ڕق و قینە و شەڕی ئایینی و بیرۆکەی جیهادەوە خەڵک چەواشەدەکرێت، لە کاتێکدا چارەسەرەی کێشەکان پێویستی بە گوتارێکی لۆجیکی و عەقلانی هەیە، کە ئەمەش ئەرکی هێزە دیموکراسی و پیشکوتنخوازەکانی ئیسرائیل و فەلەستینییەکانە بە مەبەستی بەرقەراردانی ئاشتییەکی یەکجارەکی و عادیلانە و چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستنین لەسەر بنەمای دوو دەوڵەتی دراوسێ و بەپشتبەستن بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان تایبەت بەم بوارە و زەمینە خۆشکردن بۆ ئەوەی گەلانی ناوچەکە بە هەماهەنگی یەکتر لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەمەلایەنە بەشداربن.
لە هەمان کاتدا ئەزموونی ناسەقامگیری ناوچەکەو سەرهەڵدانەوەی شەڕ و ململانێکان ئەوەی سەلماند کە بەبێ چارەسەری یەکجارەکی پرسی کوردستان لە تەواوی بەشەکانی کوردستان بە ڕێگای دیالۆگ و ئاشتی و داننان بە مافەکانی گەلی کوردستان ناوچەکە سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.
مەترسی بەردەوامبوونی شەڕ لە بازنەی حەماس و حکومەتی ئیسرائیلدا نامێنێتەوە و، پرشکی شەڕ سەرجەم ناوچەکە دەگرێتەوە. ئەو ڕەوشە پێویستی بە هەڵوێستێکی کوردستانی یەکگرتووی هەیە کە کوردستان لە مەترسی هەمەجۆر بپارێزرێت و هەردەم ئەوەمان لە بیر بێت کە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جگە بە چارەسەرکردنی مەسەلەی گەلی فەلەستین، بە چارەسەرکردنی دیموکراسی و عادیلانەی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانیش دێتە دی.

پێنجەم ــ هێڵە گشتییە سیاسییەکان بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ ڕەوشی نوێدا
لە ئاکامی خستنەڕووی تابلۆی هەلومەرجی سیاسی و ڕەوشی ئاڵۆزی کوردستان و عێڕاق و ناوچەکە ئەم خاڵانەی خوارەوە بە ئەرکی هەنووکەیی دەزانین:
ــ سازدانی دیالۆگی نیشتمانی کوردستانی بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە شێوازی حوکمرانی لە کوردستان و بابەتی بەشداری کوردستان لە پرۆسەی سیاسی عێڕاق، ئەنجام بدرێت و، یەک ئیرادەیی و یەک گوتاری نیشتمانی کوردستانی لەم بوارەدا بەرجەستە بکرێت.
ــ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و دووانەخستنی و، زەمینەخۆشکردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
ــ درووستکردنی فشاری سیاسی مەدەنی سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خەڵکی کوردستان و بەرپرسیاری هەردوو حکومەتی عێڕاق و هەرێمی کوردستان سەبارەت بەم بابەتە، کە ناکرێ خەڵکی کوردستان بکرێتە بارمتەی ناکۆکییە سیاسییەکان.
ــ پێداچونەوەی حکومەتی هەرێم بە سیاسەتی ئابووری و هەنگاوەکانی بۆ بەتایبەتکردنی سەرجەم چالاکییە ئابوورییەکان و، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
ــ کارکردن بە بنەماکانی حوکمرانی باش و دەسەڵاتی قانون و ڕاگرتنی سەرجەم ئەو سیاسەتانەی، کە ئازادییەکان و ئاراستەی مەدەنی و مافی ژنان زەوت دەکات.
ــ کارکردن بۆ گەڵاڵەکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان، کە ڕێگای بنیاتنانی یەک سەرچاوەی بڕیاری نیشتمانی کوردستانییە و دەروازەی رزگاربوونە لە هەژمونی بڕیاری حزبی و دابەشکردنی دەسەڵات لەسەر بنەمای زۆن و عەقلیەتی دوو ئیدارەیی.
لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
حزبی شیوعی کوردستان
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان

6ی تشرینی دووەمی 2023

پەیوەندیدار