وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، ئێران یان نایەوێت یان ناتوانێت ھێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، لە بەرامبەردا بۆردومانی ھەولێری کردووە.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ تۆڕی ھەواڵی “سی ئێن ئێن”ی ئەمریکی ئاماژەی بەوەدا، ھەر کاتێک ئاڵۆزی لەنێوان ئێران و ئەمریکا ھەبێت عێراق باجەکەی دەدات و خاکی وڵاتەکە دەبێتە شوێنی ململانێکانی ئەو دوو وڵاتە، ئێستاش کە ململانێکان کەوتووەتە نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە ھەر عێراق باجەکەی دەدات.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێران یان نایەوێت یان ناتوانێت ھێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بۆیە لە بەرامبەردا بۆ شوێنگرەوەی ئیسرائیل لە وڵاتانی دراوسێ دەگەڕێت و لەو چوارچێوەیەشدا شاری ھەولێری بۆردومانکردووە.
وەزیری دەرەوەی عێراق بە توندی ئیدانەی بۆردومانی ھێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی ڕابردووی ئێرانی بۆ سەر ھەولێر کرد و وتیشی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رێوێشوێنی پێویستیان لەبارەی ھێرشەکەوە گرتووەبەر.