لە 8ی مارسی هەموو ساڵێك، ژنانی جیهان و كوردستان یادی ئەو رۆژە بەرز و پیرۆز ڕادەگرن، لە سەرتاسەری جیهان بە کوردستانیشەوە چەندین چالاكی هەمەجۆرو جیاواز سەبارەت بە پرس و كێشەكانی ژنان ئەنجام دەدرێ. لەم رۆژەدا ژنانی ئازادی خوازو ئازا جەخت لە دەستەبەری مافەكانیان و رێزگرتن لە تواناكانیان دەكەنەوە، جارێكی تر نەهامەتیەكانی ژنان بەهۆی كولتوری پیاوسالاری و چەوسانەوەیان بەدەست دەیان جۆر داب و نەریت و بیركردنەوەی چەق بەستوانە، بەبیر رای گشتی و سیستەم و دەسەڵات و كۆمەڵگا دەهێننەوە.
راستە هەموو رۆژو ساتەكانی ساڵا، بۆ خەبات و تێكۆشانی ئازادی خوازانەو مرۆڤ دۆستانەی ژنان، سات و وەختی زیندوون. بەڵام دیاریكردنی ئەم رۆژەش وەك رۆژی ژنانی جیهان، ماناو دەلالەتی ئەوەیە كە دەبێت لەم رۆژەدا جارێكی تر ئەوەمان بە یاد بێتەوە، كە ژنان لەكاروانی خەبات و تێكۆشانی خۆیان دا بەردەوامن، بۆ گەیشتن بە مافەكانیان و ئازادی و سەربەخۆیی و كەسایەتی خۆیان.
راستی مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێت تا ژنان ئازاد نەبن، کۆمەڵگا ئازاد نیە، كۆمەڵگا ئەوكاتە پێشدەكەوێت و سەردەكەوێت كە ژنان بێنە مەیدان و شان بەشانی پیاوان لە پێشخستنی زانست و كۆمەڵگاو ژیان كاربكەن و هەوڵا بدەن و خەبات بكەن.
ئێمە لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، یادی 8ی مارس بەرزو پیرۆز رادەگرین، جەخت لەوە دەكەینەوە كە دەبێت توندوتیژی سەر ژنان لە كوردستان بنەبڕ بكرێت. دەست درێژی و چەوسانەوەی كۆمەڵایەتی ژنان كۆتایی بێت. ژنان ئازادو سەربەست لە مەیدانی خەباتی كوردستان بن. وەك چۆن رابردووش لە شۆڕش و راپەڕینەكان بەشداری كارایان هەبووە، وەك ژنە پێشمەرگەو هاوسەرو دایكی پێشمەرگەو تەنانەت وەك پێشمەرگەش.
لەم چەند ساڵەی دوایشدا ژنانی کورد لە پێشەنگی ژنانی جیهاندا بوونە بە تایبەت لە شەڕی تیرۆرستانی داعش و شۆڕشی (ژن، ژیان ، ئازادی) کە بە شۆڕشی ژینا ناسراوە، هەر بۆیەشە ئێستا ئەم درووشمە بۆتە سونبلی خەباتی ئازادی ژنان نەک تەنیا لە کوردستان بگرە لە تەواوی جیهان.
بۆیە لە ئێستاشدا باشترین وەفا بۆ ژنانی ئازادی خواز ئەوەیە رێز لە تواناكانیان بگرین و پەرە بە خەون و داهێنان و ئازادیەكانیان بدەین.
سەركەوتوو بێت خەباتی ژنانی جیهان و كوردستان لەپێناو كۆمەڵگایەكی یەكسان و دادپەروەرو پێشكەوتوو.
مەکتەبی سیاسی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
8/3/2023