وەزارەتی نەوتی عێراق: کۆمپانیا نەوتییەکان رێگرن لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم

وەزارەتی نەوتی عێراق رونکردنەوەیەکی لەبارەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بڵاوکردەوە و رایگەیاند، عێراق زەرەرمەندی سەرەکی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمە و کۆمپانیا نەوتییەکان بەرھەمی نەوت نادەنە ھەرێم تا رادەستی بەغدادی بکات و ئەگەر کۆمپانیا نەوتییەکان نەوت رادەست بکەن لە زوترین کاتدا ھەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە.

راشیگەیاند، پێشتر ئامادەیی خۆمان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت دەربڕیوە بەڵام کۆمپانیا نەوتییەکان رێگرن.

ئاماژەی بەوەشکرد، گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێم لەلایەن عێراقەوە دانیان پێدا نەنراوە و تا ئێستا ھەرێم و کۆمپانیاکان گرێبەستە نەوتییەکانیان رادەست نەکردووە و تێچووی بەرھەمھێنانی بەرمیلێک نەوت لە عێراق 6.9 دۆلارە بەڵام کۆمپانیاکان داوای سێ ھێندەی ئەو بڕە دەکەن.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکراشیکرد، ئاگاداری ئەو قەرزانە نین کە کۆمپانیا نەوتییەکان باسی دەکەن و بەھیچ شێوەیەکیش ناچنە ژێرباری مەرجی پێشوەختەی کۆمپانیاکانەوە و پێویستە کۆمپانیا نەوتییەکان رێز لە سەروەری و یاساکانی عێراق بگرن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق- تورکیاوە لە مانگی 3ی 2023 بەهۆی بڕیارێکی تورکیاوەیه‌ کە لە ئەنجامی دەرکردنی بڕیارێکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەلایەن ژوری بازرگانی پاریسەوە لە بەرژەوەندی عێراق بوو، ئەو راگرتنە لەسەر بنەماى بڕیارێکى عێراقى فیدراڵ نەبوه‌.

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌شهاتوه‌، وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی بە ڕێنمایی حکومەت، پابەندە بە خستنەگەڕی هەمو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری عێراقی- تورکیاوە بە شێوەیەک کە لەگەڵ دەستور و یاسادا بگونجێت، کۆمپانیا بیانییەکان کە دەیانەوێت لە عێراق کار بکەن دەبێت ڕێز لە یاسا بگرن.

پەیوەندیدار