رۆژی 1ی کانونی یەکەم رۆژی جیهانی روبەڕوبونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی ئایدزە، بە گوێرەی ئامارەکانیش لە عێراق زیاتر لە دو هەزار توشبو هەیە و لە هەرێمی کوردستانیش ساڵی رابردو 72 توشبو تۆمار کراون .
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە ساڵی 2023 نزیکەی 600 هەزار پشکنینی ئایدز ئەنجامدراوە، کە تێیاندا 72 حاڵەتی ئایدز دەستنیشانکراون، کە زۆربەیان کەسانی بیانی بون، دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە رەوانەی وڵاتی خۆیان کراونەتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند: زیاتر لە 2000 توشبوی ئایدز لە عێراق تۆمارکراون و حەوت لەو توشبوانە منداڵانی تەمەن چوار ساڵن.
پێشتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ماجید شەنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندبو: 2638 حالەتی توشبون لە عێراق تۆمار کراون، لەگەڵ 470 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە چەند ساڵی رابردودا.