دابەزینی شەكرە لە خوێندا کاتێک رودەدات کە رێژەی شەكر لە لەشدا بگاتە ئاستی كەمتر لەباری ئاسایی، ئەم حاڵەتەش چەند نیشانەیەكی هەیە، کە دیارترینیان لەرزین و گێژبونە، پزیشکێکى پسپۆڕیش باشترین رێگا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى شەکرە دەخاتەڕو و داواش دەکات لە هەندێک رێگاى باو بۆ چارەسەرى حاڵەتەکە بەدور بن.
نیشانەکانى دابەزینى شەکرە لە کەسێکدا ئەمانەن:-
لەرزین و گێژبون
برسێتی و ئارەقكردنەوە
دڵەراوكێ و سەرئێشە
شەكەتبون و لێڵبوونی چاو
چارەسەری ئەم گرفتە بەخێرای كارێكی پێویستە دوای دڵنیابون لە توشبون بە دابەزینی رێژەی شەكرە لەرێگەی دەركەوتنی نیشانەكان و پشكنینی رێژەی شەكرە، پزیشکێکى پسپۆڕ رێنماییمان دەکات لەوکاتەدا شەکرى سپى بخورێت نەک چکلێت و پسکیت.
د. زانیار ئاغال، پزیشکى پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانى گشتى هەناو، لەوبارەیەوە دەڵێت: کە رێژەى شەکرەت کەم بوەوە پێویستە شەکری روت وەکو شەکراو (شەکری سپی لە ناو ئاو) یان پەرداخێک شەربەت بخورێت، نەک چکلێت یان بسکیت، چونکە ئەوانە رۆنیان تێدایە و ناهێڵن شەکرەکەی ناویان بە خێرایی بچێتە خوێنتەوە و زو چاکت ناکاتەوە.
هۆكارەكانی دابەزینی شەكرە لە خوێندا چیە؟
نەخواردنی ژەمەكان بەشێوەیەكی رێكوپێك
بەكارهێنانی دەرزی ئەنسۆلین بەشێوەیەكی نادروست و نارێك
زۆر یان باش بەكارنەهێنانی دەرمانی دابەزینی شەكرە
راهێنان و جوڵانێكی زۆر لەپڕ و لەڕادەبەدەر