پەرەسەندنە خێراکانی ڕەوشی سووریا و لە نێویدا ئەگەری سیناریۆی جیاواز و گۆڕانی تەرازووی هێز لە نێوان هێزەکانی ڕژێم و گروپ و هێزە چەکدارەکانی دیکە، داهاتووی سووریای لەگەڵ کۆمەڵێک ئەگەر و پێشهاتی نوێ ڕووبەڕوو کردۆتەوە.
شەڕ و ئاڵۆزییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو و پێشڕەوییەکانی هێزە چەکدارەکان لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە نەبوونی ڕێکەوتنێکی سیاسی هاوبەش بۆ ئێستا و داهاتووی سووریا، ئاسۆی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە سووریا بە نادیاری دەهێڵێتەوە. ئەم ڕەوشە کارتێکردنی لەسەر تەناهی و ڕەوشی گەلی کورد و ئیدارەی خۆسەریی ڕۆژاوای کوردستان هەیە.
گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان لە چوارچێوەی سووریادا نکۆڵی لە ماف و ناسنامەی نەتەوەیی کراوە، بە هەموو شێوەیەک چەوساوەتەوە و لە ساڵانی ڕابردوودا کەوتە بەردەم هێرش و پەلاماری هێزە تیرۆریستییەکانەوە، بۆیە بە نیگەرانییەوە لە پێشهاتەکانی ئەم ڕەوشە ئاڵۆزە دەڕوانین و سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەم ڕەوشە ناهەموارە ڕادەکێشین، داواکارین گەلی کورد لە هەڕەشەی شەڕ و تیرۆر و کۆمەڵکوژیی بپارێزن و چاودێری ڕەوشەکە بکەن.
هەستیاریی ڕەوشەکە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریەکان، پێویستیی بە یەکێتیی و یەکڕیزیی هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان و هاوکاریی ڕۆژاوای کوردستان هەیە و هەر لەو سۆنگەیەدا حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە خۆڕاگریی و لە ماف و داخوازییە ڕەواکانی گەلەكەمان دەکات لە سووریادا.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
07-12-2024 هەولێر