تێکۆشەر دێرینەکانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان یەکەمین کۆنفرانسی خۆیان بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێک بەست.
رۆژی 14شوبات 2026، لە هۆڵێ ئاڵای ئازادی لە شاری هەولێر لە ژێر درووشمی ( دەستکەوتەکانمان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی خەڵک و تێکۆشەرە دێرینەکانە)، کۆنفرانسی دامەزراندنی کۆمەڵەی تێکۆشەر دێرینەکانی زەحمەتکێشان بە ئامادەبوونی 112 ئەندام لە پێشمەرگەی دێرین و ڕێکخستنە دێرینەکان بەسترا.
کۆنفراس بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان لەگەڵ ماڕشی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” کرایەوە، پاشان وتاری لیژنەی ئامادەکاری کۆنفراس لە لایەن پێشمەرگەی دێرین فەرهاد مەنتک خوێندرایەوە.
پاشان وتاری مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لایەن بەڵێن عەبدولڵا پێشکەش بە کۆنفراس کرا، لە وتارەکەیدا سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاماژەی بە ڕۆڵی شەهیدان و پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کرد لە قۆناغە سەختەکانی تێکۆشانی گەلەکەمان، لە ئامادەبووانی خواست شانازی بە تێکۆشانی خۆیان بکەن، دامەزراندنی کۆمەڵەیەکی لەو شێوەی بە پێویست زانی و ئامادەی حزبی زەحمەتکێشانی دەڕبڕی بۆ پشتیوانی لە کۆمەڵەکەیان.
پاشان لە دانیشتنەکانی دیکەی کۆنفراس بەڵگەنامەکانی کۆنفراس لە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ خوێندرانەوە و دوای دەوڵەمەندکردنیان لە لایەن ئەندامانی کۆنفراس بە دەنگدانی ئەندامان پەسندکران.
پێش هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵە ئەندامانی کۆنفراس چەندین بڕیار و ڕاسپاردەیان وەرگرت کە کۆمەڵەکە لەمەودوا کاری لەسەر بکات.
لە کۆتاییدا کۆنفراس بە هەڵبژاردنی دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵەی تێکۆشەرە دێرینەکانی زەحمەتکێشان کۆتایی بە کارەکانی هێنا.




