وتاری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەلایەن هاوڕێ بەڵێن عەبدولڵا سكرتێری حزب پێشکەش بە کۆنفراسی تێکۆشەرە دێرینەکان کرا

-کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
-هاوڕێیان ئەندامانی کۆنفراس

ڕۆژتان باش!

سەرەتا وێڕای ناردنی سڵاو بۆ گیانی پاکی شــەهیدانی حزب و گەلەکەمان، بەڕێزەوە یادی ئەو هاوڕێیانەمان بە بیر دەهێنینەوە کە ژیانئاواییان کردووە و، لە نێوماندا جێگەیان دیارە، هاوڕێ سەعد خالید، هاوڕێ بەهمەن حوسێن، هاوڕێ ئاری دهێماتی، هاوڕێ عەلی حەسارۆک، هاوڕێ کرمانج عەوێنە، هاوڕێ موحسین بانیمارانی، هاوڕێ شێخ سادق، هاوڕێ یونس، هاوڕێ ئەحمەد وەلی، کاک ڕەشید، هاوڕێ کوردۆ، هاوڕێ مام باییز، هاوڕێ محەممەد پێنجوێنی، هاوڕێ مام یوسف و هاوڕێ وەستا ڕەشاد، ڕەوانیان شاد.

سوپاسی هاوڕێیانی لێژنەی ئامادەکاریی دەکەین بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە، بۆ هاوڕێیان؛ پێشمەرگە دێرینەکان، ڕێکخستنە دێرینەکان و زیندانییە سیاسییەکان، بۆ تێکۆشەرانی سەردەمی شۆڕش و ڕۆژانی قۆناخە سەختەکانی خەبات و بەرەنگاربوونەوەی بەعسییە فاشیستەکان. هاوڕێیان هەر لە دەستپێکی شۆڕشی نوێدا، وەکوو ئەرکی نەتەوەیی خۆمان، درێغیمان نەکردووە لە تێکۆشان و قوربانیدان، ئێوە تەمەنی جوانی و گەنجی خۆتان بە شۆڕش و کوردایەتی بەخشی، بە خەبات بەخشی و سەنگەری بەرەنگاربوونەوەتان هەڵبژارد. ئێمە لە شۆڕش پشتمان بە خۆمان و بە میللەتی خۆمان بەستا، لە پێناو ئازادی و سەرفرازی گەلەکەمان قوربانیمان دا، ئەوە مایەی شانازییە و منەت نییە بەسەر کەسەوە، بەڵام لە قۆناخی دوای ڕاپەڕین، بە هۆی زاڵکردنی فەرهەنگی حزبایەتی بەسەر کوردایەتی، تێکۆشەرانی دێرین بێ هیوا کران، بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە بە پێوەری حزبایەتی، تەماشای پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان کرا.
خەبات و تێکۆشانی ئێوە، بەشێکی درەوشاوەی مێژووی خەبات و تێکۆشانی پاک و بێگەردی پڕ لە شانازی بزاڤی رزگاریخوازی گەلەکەمانە، بۆیە پێویستە بە بایەخەوە ئەو مێژووە بنووسرێتەوە و تۆمار بکرێ.
دەبێ لە هەموو ڕوویەکەوە ئاوڕ لە تێکۆشەرە دێرینەکان، لە ژیان و پێویستییەکانیان بدرێتەوە، دەستکەوتەکانمان بەرهەمی خوێنی گەشی شەهیدان و خەڵک و تێکۆشەرە دێرینەکانە.

هاوڕێیان:

کۆنفراسەکەتان بە کاتێکی زۆر هەستیار ڕادەبرێ، گۆڕان و پێشهاتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەسەندنەکانی ڕەوشی ڕۆژاوای کوردستان، دۆخێکی نوێی هێنایە پێشەوە، لە ئەنجامی خۆڕاگری ڕۆژاوای کوردستان لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە پشتگیریی و هاوسۆزی کوردستانیان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان و بەرجەستەكردنی یەكڕیزیی كوردستانی و گەیاندنی پەیامی ( یەکە یەکە گەلی کورد یەکە، ڕۆژاوا ڕۆژهەڵاتە کوردستان یەک وڵاتە) بە هەموو جیهان، هاوکێشەکە لە مەترسییەوە گۆڕا بۆ دەرفەت و ڕەوشێکی نوێ.
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی خۆیەوە کار لەسەر بەهێزکردنی ئەم هاودەنگی و کۆدەنگییە کوردستانییە دەکات، پێی وایە دەستپێکی قۆناخێکی نوێی یەکڕیزیی و پڕۆژەی نەتەوەسازی و ڕەنگڕێژکردنی ستراتیژیی کوردستانییە. لەو چوارچێوەیەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریەکانی قۆناخەکە، بانگ لە حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، هەتا درەنگ نەبووە، لەو ساتەوەختە مێژووییە هەستیارەدا، لە دەرەوەی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی نەمێننەوە و پێویستە ناکۆکییە لاوەکییەکان بەلاوە بنێن و یەکهەڵوێستی لە چوارچێوه‌ی گوتارێکی سیاسی هاوبەش گەڵاڵە بکرێت و کۆتایی بە لێکترازان بهێنرێت و پەلە لە دەست بەکار کردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی بنکە فرەوان بکرێ.
لە کۆتاییدا پشتگیری تەواو لە ڕێکخراوەکەتان دەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی کۆنفرانس دەخوازین.
-بێتەدی ئامانجە بەرزەکانی گەلەکەمان.
-هەر شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان.

مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
14ی شوباتی 2026

پەیوەندیدار