پێش دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان تاران و واشنتۆن لە وڵاتی پاکستان، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی متمانەی بە لایەنی ئەمریکی نییە و ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەوەیان سەلماندووە.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان ڕایگەیاند: “ئێمە خاوەنی حەسنونیەتین، بەڵام هیچ متمانەیەکمان بە ئەمریکا نییە. ئەزموونی ئێمە لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکییەکاندا هەمیشە ڕووبەڕووی شکست و پەیمانشکێنی بووەتەوە.”
قالیباف کە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بۆ هەموو سیناریۆکان ئامادەیە و وتی: “لە جەنگدا ئەوەمان نیشاندا کە ئامادەین، ئەگەر ئەوان بیانەوێت دانوستان بۆ فریودان و بێ ئەنجام بەکاربهێنن، ئێمە بێدەنگ نابین. بەڵام ئەگەر لایەنی ئەمریکی ئامادەی ڕێککەوتنی ڕاستەقینە بێت و مافەکانی گەلی ئێران بدات، ئێمەش ئامادەین.”
بڕیارە هەر ئەمڕۆ شەممە، دانوستانە ڕاستەوخۆکان لە نێوان واشنتۆن و تاران دەستپێبکەن. ئەمەش دوای ئەو ئاگربەستە دێت کە بەرەبەیانی چوارشەممەی ڕابردوو ڕاگەیەندرا، وەک کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە دەستیپێکردبوو.
شاندی ئەمریکا پێکهاتوون لە؛ جەی دی ڤانس (جێگری سەرۆکی ئەمریکا)، ستیڤ ویتکۆف (نێردەی تایبەت) و جارید کۆشنەر.
شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف، بە بەشداریی عەباس عێراقچی (وەزیری دەرەوە)، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان (سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی) و عەبدولناسر هیمەتی (پارێزگاری بانکی ناوەندی).
چاوەڕوان دەکرێت ئەم کۆبوونەوانە لەژێر چاودێری و نێوەندگیری حکومەتی پاکستاندا بەڕێوەبچن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات.




