کۆڕبەندی چەپی کوردستانی ڕۆژی یەکشەممە، ڕێککەوتی (٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٦) ، کۆبوونەوەی خۆی لەسەر ئاستی سکرتێری پارتەکان بە شێوازی ئۆنلاین ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی سیاسی و پێشهاتە نوێیەکانی کوردستان و ناوچەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە هەڵگیرسانی گەڕێکی دیکەی جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بووەتە هۆی ئەوەی ناوچەکە ڕووبەڕووی قەیرانی گەورەی سیاسی، ئەمنی و ئابووری بێتەوە، بە جۆرێک کە کاریگەریی ئەو جەنگە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان. بوردومانکردنی خەڵکی مەدەنی و بنکە و بارەگای هێزە کوردستانییەکان، لێکەوتەی ڕاستەوخۆی ئەو جەنگە نەخوازراوە بووە.
ئەگەرچی لە دەستپێکی جەنگەکەوە هەرێمی کوردستان و هێزە کوردستانییەکان هەڵوێستی بێلایەنانەیان هەڵبژاردووە، کەچی بە بەردەوام کراونەتە ئامانجی بوردومانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی. لە ئەنجامی ئەو بوردومانانەدا تا ئێستا بە دەیان کەس لە شار و شارۆچکەکان شەهید و بریندار بوونە و زیانی مادیی زۆریش بەر خەڵکی مەدەنیی کوردستان کەوتووە.
لە تەوەرێکی تردا، کۆبوونەوەی کۆڕبەندی چەپی کوردستانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕەوشە ئاڵۆزەی ڕووی لە کوردستان و ناوچەکە کردووە، بێبەش نییە لە پیلانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی— سەرەڕای گرفت و ناکۆکییە ناوخۆییەکان— دژ بە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و دەستکەوتەکانی:
*لە باکووری کوردستان : بەهۆی هەندێک گۆڕانکاری و پێشهاتی ناوچەکەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە و چارەسەرکردنی کێشەی کوردی لە کارنامەی خۆی دەرکردووە. بۆ گەیشتن بە ئاشتی و دیموکراسییەکی بەردەوام، ڕێگەچارە تەنها لە ناساندنی ڕاستەقینەی کێشە کەدایە ، کێشەی بنەڕەتیی تورکیا (تیرۆریزم) نییە، بەڵکو نەناسینی بوون، ناسنامە و مافە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی گەلی کوردە.
- لە باشووری کوردستان : ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ بووەتەوە ، زیاتر لە (٢٠) مانگە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە، بەڵام پەرلەمان ئیفلیج کراوە و حکومەت پێکنەهێنراوە. بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە قەیرانێکی گەورەدایە؛ خەڵکی کەمدرامەت و هەژار تووشی گرفتێکی گەورەی ژیان بوونەتەوە، جیاوازیی چینایەتی زیاتر زەق بووەتەوە و ناکۆکییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەردەوامن .
- ڕۆژهەڵاتی کوردستان : هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گەیاندووەتە قۆناغێکی تازەی خەبات و تێکۆشان. ئەگەرچی هێزەکانی لە چوارچێوەیەکدا کۆکردووەتەوە، بەڵام پێویستە لە ئاستی داوا و داخوازیی خەڵک و دۆخەکەدا بێت و وەک مەرجەعێک بێت بۆ یەکگوتاری و هەماهەنگیی سەربازیی نێوان لایەنەکان، کە کاریگەریی ئەرێنی دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزەکە.
*لە ڕۆژئاوای کوردستان : دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا، وڵات بە قۆناغێکی ڕاگوزەری ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. گەلەکەمان لە ماوەی چەندین ساڵی هەڵگیرسانی ڕاپەڕین و بەخشینی قوربانییەکی زۆر، کێشەکەی بەرەو پاشەکشەیەکی گەورە براوە؛ سەرەڕای ئەوەی دانوستاندن و ڕێککەوتن ئەنجامدراوە، بەڵام جیاوازییەکان لەسەر چۆنیەتیی ئیدارەدان و دەسەڵاتەکان بەردەوامن. - لەو بارەیەوە، داوا لە سەرجەم هێزە کوردستانییەکان دەکەین بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی ڕووبەڕووی پێشهاتەکان ببنەوە و هەمووان بەیێکەوە بەرامبەر پیلانی دوژمنان لە دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و بەئامانجگرتنی ئەزموون، هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوەستنەوە.
هەروەها داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکەین بەرپرسیاریەتیی دەستووری و نیشتمانیی خۆیان لە بەرامبەر پاراستنی سەروەریی خاکی وڵات و گیانی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن و لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە ناڕەوایانە دابنێن. لە هەمان کاتدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بێدەنگیی خۆیان بشکێنن و هەڵوێستێکی کاریگەر بەرامبەر بەم پێشێلکارییانە بنوێنن بۆ پاراستنی گەلی کوردستان.
لە کۆتاییدا، پرسه و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەسووکاری قوربانیانی بوردومانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین و تاوانی شەهیدکردن و بریندارکردنی کۆمەڵێک لە پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکەین. کۆڕبەندی چەپی کوردستانی
٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٦
پارتە بەشداربووەکانی کۆڕبەندی چەپی کوردستانی:
1- پارتی کۆمۆنیستی کوردستان – باکوور
2- پارتی سۆسیالیستی کوردستان – باکوور
3- حزبی شیوعیی کوردستان – باشوور
4- پارتی زەحمەتکێشانی کوردستان – باشوور
5- بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان – باشوور
6- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان – ڕۆژهەڵات
7- پارتی کۆمۆنیستی کوردستان – ڕۆژئاوا
8- پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سوریا




