یاسای بە خاوەنکردنی ئەو زەوییانەی کە لەسنوری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە و بەوەش یاساکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی یاسای ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٢١ کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووە، نرخی بەخاوەنکردن و تاپۆکردنی ئەو زەوی و خانووانە دیاری کراوە کە لەسنوری شارەوانییەکان بە زێدەڕۆیی دروستکراوون.
لەیاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە شارەوانییەکان دەتوانن ئەو زێدەڕۆکارەی کە پێش رێکەوتی ٣١ی١٢ی٢٠٢٠ خانووی نیشتەجێبوونی بە زێدەڕۆیی دروستکردووە، بکەنە خاوەنی ئەو زەوییەی خانووەکەی لەسەر دروستکراوە و موڵکی دەوڵەتە.
بەگوێرەی یاساکە، بەهای ئەو زەوییانەی زیادەڕۆییان لەسەر کراوە بە خانووی نیشتەجێبوون، نرخەکانیان بەم شێوەیە دەخەمڵێنرێت:
یەکەم: ئەگەر ئەو زەوییەی زیادەڕۆیی کرابووە سەر لەلایەن شارەوانییەوە پێش زیادەڕۆیی کردنە سەری جیاکرابێتەوە، نرخەکەی بەبڕی سەدا بیست و پێنجی نرخی راستەقینەی زەوییەکە دەخەمڵێنرێت و زێدەڕۆکاریش بە سوودمەند ئەژمار دەکرێت.
دووەم: ئەگەر زێدەڕۆکار سودمەندبووبێت لە دەوڵەت، لەکاتی بەخاوەن کردندا بڕی سەدا دە لەنرخی راستەقینە دەخرێتە سەر نرخی ئاماژەپێکراو لەخاڵی یەکی یاساکە.
سێهەم: ئەگەر ئەو زەوییە زیادەڕۆیی کراووەسەر، پێشتر لەلایەن شارەوانییەوە جیانەکرابێتەوە، نرخەکەی بەبڕێک دەخەمڵێنرێت کە لە پێنج سەدی نرخی راستەقینەی زەوییەکە کەمتر نەبێت.
چوارەم: هەر زێدەڕۆکارێک خۆی نیشتەجێی خانووە زێدەڕۆکە نەبوو، بە بەرامبەر یان بێ بەرامبەر کەسێکی تری تێدا نیشتەجیبوو لەکاتی بەخاوەنکردندا بڕی سەدا دەی نرخی راستەقینە دەخرێتە سەر نرخی ئاماژەپێکراو لە خاڵەکانی ١و٢و٣ی یاساکەدا.