نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند، هاوڵاتیانی عێراق بە چونیان بۆ دەنگدان، دەرفەتی ئەوەیان هەیە، دەنگیان ببسترێت و لە هەر هەنگاوێكیشیاندا نەتەوە یەكگرتووەكان بەردەوام پاڵپشتیان دەبێت.
جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق لە پەیامێكدا لە بارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە باسی لەوەکرد، لە تشرینی یەكەمی ٢٠١٩دا، ژمارەیەكی زۆر لە عێراقییەكان رژانە سەر شەقامەكان و دژ بە خراپی رەوشی ئابوریی، كۆمەڵایەتی، سیاسی، خۆپیشاندانیان کرد.
پلاسخارت ئەوەشی خستەڕوو، دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە خۆپیشاندانەكانی عێراق، ئێستا یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەران بەدیهاتووە ئەویش هەڵبژاردنی پێشوەختەیە كە مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە ١٠ی ١٠دا ئەنجام بدرێت شارەزایانی هەڵبژاردنیش باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە چاوەڕواندەکرێت جیاوابێت لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو.