رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) داوا لە ئێران دەکات سزای لەسێدارەدانی کوڕێکی تەمەن 17 ساڵان جێبەجێ نەکات و دەڵێت “لە دادگاییكردنێکی نادادپەروەرانەدا” سزای مردنی بەسەردا سەپێنراوە.
ئەو رێکخراوە کە پێگەی سەرەکیی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئارمان عەبدولعالی گوێزراوەتەوە بۆ زیندانێکی تاکە کەسی لە شاری کەرەج، کە دەکەوێتە رۆژئاوای تاران و بڕیارە رۆژی چوارشەممە سزاکەی بەسەردا جێبەجێبکرێت.
ئەمنستی دەشڵێت “کات بەرەو تەواوبوون دەڕوات. پێویستە حکومەتی ئێران دەستبەجێ هەموو پلانەکانی لە سێدارەدانی ئارمان عەبدولعالی بوەستێنێت.”
لە راگەیێندراوی رێکخراوەکەدا هاتووە: “بەکارهێنانی سزای مردن دژی ئەو کەسانەی کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیاندا تەمەنیان لە خوار هەژدە ساڵی بووە، بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی قەدەخەیە و تاوانێکی تۆقێنەرە دژی مافەکانی منداڵان.”
پێشتر لە دوو کاتی جیاوازدا سزای مردن بۆ ئارمان دەرکراوە، ئەوەش بە تۆمەتی کوشتنی کچە هاوڕێکەی، هەردوو جار بەهۆی ناڕەزایی نێودەوڵەتی سزاکە راگیرا.
ئەمنستی لەو بارەیەوە دەڵێت: “هەڵوێستی جیهانی پێشتر هاوکار بوو لە وەستاندنی لەسێدارەدانی ئارمان عەبدولعالی. ئێستا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، لە نێویانیشدا نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەپەلە بێتە سەر هێڵ و ئەو کەسە بپارێزێت.”
ئەمنستی دەڵێت لە کانوونی یەکەمی 2015 بۆ یەکەم جار سزای مردن بۆ ئارمان دەرکرابوو، دوای ئەوەی لە “دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانەدا” لە لایەن دادگەیێکەوە کە پشتی بە “دانپێدانانی ژێر ئەشکەجە” بەستبوو، بە تۆمەتی کوشتنی کچە هاوڕێکەی حوکمدرا.کچەکە ساڵێک بەر لەوە دیارنەمابوو.
ئەمنستی باس لەوە دەکات دادگەی باڵای ئێران دووبارە ئارمانی دادگاییکردەوە بە دۆسیەیەک کە سەرنجی لەسەر ئەوەبوو کە ئایا کەسەکە لە کاتی روودانی تاوانەکەدا “پێگەیشتوو” بوو یان نا.
بەڵام دادگە بڕیاریدابوو کە بێ هەبوونی بەڵگە بۆ سەلماندن یان رەتکردنەوەی پێگەیشتوویی ئارمان لە کاتی تاوانەکەدا، تۆمەتبار بەرپرسیاریەتی تاوانەکەی هەر لەسەر دەمێنێتەوە.
ئەمنستی دەڵێت: “بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رێوشوێنە دادگەرییانە کە هەڵە و کەموکوڕیی گەورەیان تێدابووە، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوا لە حکومەتی ئێران دەکات کە حوکمی ئارمان عەبدولعالی پوچەڵبکاتەوە و دووبارە مافی دادگاییکردنەوەی پێبدات کە بەگوێرەی ستانداردی دادپەروەرانەی دادگەییکردن بێت.”