سەدر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەسند کرد و پەیامێكی بڵاوكردەوە

سەرۆکی رەوتی سەدر رایگەیاند، لە ئێستا بەدواوە کاتی ناکۆکی و ململانێ و بەریەککەوتن نەماوە، بەڵکو دەبێت هەموو شەڕ و هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی و هەرشتێک زیان بە گەل بگەیەنێت حەرام بکرێت، دەشڵێت، “کاتی خزمەتکردنی نیشتیمانە”.
دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتای هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی راگەیاند و تیایدا رەوتی سەدر وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی لەسەر ئاستی عێراق سەرکەوتنی بە دەستهێنا، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەدردا هاتووە، “لە ئێستا بەدواوە نابێت هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانی و هەر هاوپەیمانێتیەک کە دروست دەکرێت، بکرێتە دەرگای ناکۆکی و ململانێ و بەریەککەوتن و پشێوی، بەڵکو دەبێت هەموو هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش و هەرشتێک زیان بەگەل و کەرامەت و هێز و ئاشتییەکەی بگەیەنێت حەرام بکرێت.”
دەشڵێت، “دەبێت دیموکراتی شەفاف و بێ گەردبێت، رکابەری شەریفانەی تێدابێت و ئەوانی دیکەشت قەبوڵبێت، هەڵبژاردن دەنگی گەلە و رۆژێک بۆ تۆییە و رۆژێکیش هی تۆ نییە، ئەوەی بەدەستی دەهێنی ئەنجامی کار و پاکێتی خۆتە.”
موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەشکردووە، “رایدەگەیەنم ئەنجامی هەڵبژاردنەکەم قبوڵكرد هەرچی بێت، گەل لەگەڵماندا هیچ کەمتەرخەمییەکی نەکردووە لەم پرۆسە دیموکراتییەدا، نە ئەوان لێمان توڕەن نە ئێمەش لەوان”.
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووەشەوە ئەوەی خستوەتەڕوو، ئەگەرچی فراکسیۆنی سەدر گەورەترین فراکسیۆنە، بەڵام هەوڵدەدەن هاوپەیمانێتییەکی نیشتیمانی لە دەرەوەی پێوەری نەتەوەیی و نەژادی و ئاینی و مەزهەبی دروستکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٠ی ئەم مانگە دەنگدانی گشتی و رۆژی هەشتی مانگیش دەنگدانی تایبەتی لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەش، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، “ئەنجامی بەراوردکاری دەنگەکانی دەستی و ئەلیکترۆنی هاوتابوون.”

پەیوەندیدار